لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەکانی فڕۆکەخانەی خومەینی لە ساڵح نیکبەخت و دەستبەسەرداگرتنی خەڵاتی ساخارۆڤ

ساڵح نیکبەخت، یاساناس و پارێزەری ناسراوی کورد و پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی، دوای گەڕانەوەی لە فەڕانسە و گەیشتنی بە

٢ بەفرانبار ٢٧٢٣، ١٧:٤٧

 

هەنگاو: شەممە، ٢ی بەفرانباری ٢٧٢٣

ساڵح نیکبەخت، یاساناس و پارێزەری ناسراوی کورد و پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی، دوای گەڕانەوەی لە فەڕانسە و گەیشتنی بە فڕۆکەخانەی خومەینیی تاران، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەی لێ کراوە و هەروەها خەڵاتی ساخارۆڤ کە لەلایەن پەرلەمانی ئەورووپا بە ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بەخشرا و ناوبراو بە نوێنەرایەتیی بنەماڵەی ئەمینی وەریگرتووە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ئێوارەی ڕۆژی هەینی، ١ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (٢٢ی دیسەمبەری ٢٠٢٣)، هێزە ئەمنییەکانی فڕۆکەخانەی خومەینیی تاران، لە کاتی گەڕانەوەی ساڵح نیکبەخت لە فەرەنسا بۆ ئێران و گەیشتنی بەو فڕۆکەخانەیە، دەستبەسەر و لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەی لێ کراوە و هەروەها خەڵاتی ساخارۆڤ کە لەلایەن پەرلەمانی ئەورووپا بە ژینا بەخشرا و ناوبرا بە نوێنەرایەتیی بنەماڵەی ئەمینی وەریگرتووە هاوکات لەگەڵ پاسپۆرت و موبایل و کۆمەڵێک کەلوپەلی تاکەکەسیی دیکەی خۆی لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.

نیکبەخت لە ٢١ی سەرماوەزی ٢٧٢٣ (١٢ی دیسەمبەری ٢٠٢٣)، بەهۆی قەدەغەکردنی چوونە دەرەوەی بنەماڵەی ژینا ئەمینی لە کوردستان و ئێران، بە نوێنەرایەتیی ئەو بنەماڵەیە بە شێوەی یاسایی بەشداریی لە ڕێوڕەسمی وەرگرتنی خەڵاتی ساخارۆڤی پەرلەمانی ئەورووپا کرد و ئەو خەڵاتەی کە بە ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی ژن، ژیان ئازادی بەخشراوە، وەرگرت.

ڕێوڕەسمەکە لەناو پەرلەمانی ئەورووپا کە لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا بەڕێوە چو، ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ئەمینی و هەروەها ئەفسوون نەجەفی، خوشکی حەدیس نەجەفی و مەرسێدە* شاهینکار کە پارێزەرێکی قوربانییانی بزووتنەوەی ژن، ژیان ئازادییە، خەڵاتەکەیان وەرگرت.

هەرچەندە پەرلەمانی ئەورووپا بنەماڵەی ژینا ئەمینی بۆ بەشداریکردن لەم ڕێوڕەسمەدا بانگهێشت کردبوو، بەڵام ڕۆژی هەینی، ٨ی دیسەمبەر بەرپرسانی حکوومەتیی ئێران لە فڕۆکەخانەی خومەینیی تاران ڕێگرییان لە سەفەری ئەمجەد ئەمینی، موژگان ئیفتخاری و ئەشکان ئەمینی باوک و دایک و برای ژینا بۆ فەرەنسا کرد و ساڵح نیکبەختیان کە پارێزەری خۆیانەم وەک نوێنەر بۆ ئەو ڕێوڕەسمە نارد.

خەڵاتی ئاندرە ساخارۆڤ، دژبەری پێشووی سۆڤیەت، بەرزترین ڕێزلێنانی یەکیەتیی ئورووپایە کە ساڵانە بە چالاکانی مافی مرۆڤ و هەروەها بەرگریکارانی ئازادییە بنەڕەتییەکان، بەتایبەتی ئازادی ئەندێشە و تێفکرین دەبەخشرێت. ئەم خەڵاتە یەکەم جار لە ساڵی ١٩٨٨ی زایینی بەخشرایە نیلسۆن ماندێلا و ئانانویلی مارچینۆ، هەروەها ساڵی ڕابردووش بەخشرایە "خەڵکی بوێری ئۆکراینا".

ئەو پارێزەرە کوردە لە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەمووزاد" و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە و چالاکیی تەبلیغی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران" سزای ساڵێک بەندکردنی بەسەردا سەپاوە و هەروەها سزای قەدەغەبوونی ماوەی دوو ساڵ چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بەسەریدا سەپێندراوە

ساڵح نیکبەخت، تەمەن ٧٢ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز، ڕۆژی شەممە، ٢٠ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢ لەلایەن لقی ٢ی لێکۆڵینەوەی داواکاریی گشتیی ئێڤین بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" تۆمەتبار کرا. پاشان بە دانانی بارمتە و بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کراوە.

ئەو هاووڵاتییە پارێزەری پایە یەکی دادگوستەریە و ئەرک و بەرپرسیارێتیی بەرگریکردن لە دۆسیەی ژینا ئەمینی و هەروەها زۆربەی بەندکراوان و تۆمەتبارکراوانی سیاسی کە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە، لە ئەستۆ گرتووە.

شایانی باسە کە ساڵح نیکبەخت لە سەردەمی هەر دوو حکوومەتی بنەماڵەی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەهۆی چالاکیی سیاسییەوە سەرجەم ٨ ساڵ بەند کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە