بەندیخانەی ئورمیە؛ سوهەیلا محەممەدی بەندکراوی سیاسی کورد دوای سێ ساڵ بەندکران بەمەرج ئازادکرا

سوهەیلا محەممەدی، بەندکراوی سیاسی کورد و خەڵکی سەڵماس، دوای تێپەڕکردنی زیاتر لە سێ ساڵ لە سزای پێنج ساڵ بەندکرانەکەی، بەشێوەی مەر

٣ بەفرانبار ٢٧٢٣، ١٠:٣٩


هەنگاو؛ یەکشەممە ٣ی بەفرانباری ٢٧٢٣

سوهەیلا محەممەدی، بەندکراوی سیاسی کورد و خەڵکی سەڵماس، دوای تێپەڕکردنی زیاتر لە سێ ساڵ لە سزای پێنج ساڵ بەندکرانەکەی، بەشێوەی مەرجدار لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازادکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ٢ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (٢٣ی دیسەمبەری ٢٠٢٣)، سوهەیلا محەممەدی، بەندکراوی سیاسی کورد و خەڵکی سەڵماس دوای سێ ساڵ بەندکران بێ مافی مرەخەسی لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە بەشێوەی مەرجدار ئازادکرا.

سوهەیلا محەممەدی کە تا ئێستا لە مافی ئازادی کاتی بێبەشکرابوو، لە ماوەی سێ ساڵی پێشوودا، چەند جار بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە بارودۆخی لە بەندیخانە، مانی لە خواردن گرتبوو و جارێکیش هەوڵی خۆکوشتنی دابوو.

پێشتر هەنگاو لە ڕاپۆتێکدا لەگەڵ ئاماژەکردن بە جودابوونەوەی سوهەیلا محەممەدی لە منداڵە چووکەکەی، نووسیویەتی کە ئەو بەندکراوە سیاسییە لە ماوەی لێپرسینەوە و دەستبەسەربوونیدا لە ژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان لە بارودۆخێکی دەروونی و جەستەیی دژواردا بە سەر دەبات کە جێی نیگەرانییە.

سوهەیلا محەممەدی، ڕەشەممەی ساڵی ٢٧٢٢، لە ئەنجامی گوشاری ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەت و ڕێگرییان لە ئازادی کاتی و بێبەریکردنی لە لێبوردنی گشتی، بە چەقۆدان لە سینگی خۆی هەوڵی خۆکوشتنی دابوو کە لە ئاکامدا لەلایەن هاوبەندییەکانییەوە ڕزگارکرابوو.

ئەو بەندکراوە سیاسییە، پاییزی ساڵی ٢٧١٩ لە سەڵماس لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەرکرا و دوای چەند مانگ لێپرسینەوە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواستراوە.

سوهەیلا محەممەدی دواتر لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا و لەو کاتەوە بێ دەستڕاگەیشتن بە مافی مرەخەسی لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە