مەهیار ئەحمەدی، بەندکراوی سیاسیی پێشووی کورد لە تورکیا سزای بەندکردنی بەسەردا سەپا

مەهیار ئەحمەدی، چالاکی ژینگەپارێز و بەندکراوی سیاسیی پێشووی کورد و خەڵکی شاری سنە، لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی تورکیاوە سزای ٦ ساڵ و ٣ مانگ بەند

٤ بەفرانبار ٢٧٢٣، ١٣:٤٠

 

هەنگاو: دووشەممە، ٤ی بەفرانباری ٢٧٢٣

مەهیار ئەحمەدی، چالاکی ژینگەپارێز و بەندکراوی سیاسیی پێشووی کورد و خەڵکی شاری سنە، لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی تورکیاوە سزای ٦ ساڵ و ٣ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە. ناوبراو پێشتریش لە کاتی ڕۆیشتن بۆ ئەورووپا لە سنووری نێوان باشوور و باکووری کوردستان و لەلایەن هێزەکانی سنوور پارێزیی تورکیاوە دەستبەسەر کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ مەهیار ئەحمەدی، بەندکراوی سیاسیی پێشووی کورد، بە تۆمەتی "ئەندامەتی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان" لەلایەن دەزگای دادوەریی دەوڵەتی تورکیاوە سزای ٦ ساڵ و ٣ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.

مەهیار ئەحمەدی، کە هەنووکە لە بەندیخانەی شاری "وان"ی باکووری کوردستان ڕاگیراوە، لە ٢١ی خەرمانانی ٢٧٢٣ و لە کاتی ڕۆیشتن بۆ ئەورووپا، لە شاری "هەکاری" کە شارێکی سنووریی باکووری کوردستان و هاوسنووری باشووری کوردستانە، لەلایەن هێزەکانی سنوور پارێزیی تورکیاوە دەستبەسەر کراوە و دوای چەند هەفتەیەک بۆ بەندیخانەی شاری "وان" گواستراوەتەوە.

ئەم بەندکراوە سیاسییەی پێشوو، ساڵی ڕابردوو بەناچار زێدی خۆی بەجێ هێشتووە و نزیکەی ساڵێک لە هەرێمی کوردستان مایەوە کە دواتر هەوڵی دا بە هەر جۆر بێت خۆی بگەیەنێتە وڵاتێکی ئەورووپا.

مەهیار ئەحمەدی، ڕۆژی ١٧ی ڕێبەندانی ٢٧١٨ لە شاری سنە و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا، پاش ٢ مانگ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد کرا.

دواجار ئەو هاووڵاتییە لایەن دادگای شۆڕشی شاری سنەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران" سزای ٣ مانگ بەندکردن و هەروەها سزای ٣ ساڵ هەڵپەساردنی بەسەردا سەپا و لە کۆتاییشدا ساڵی ٢٧١٩ ماوەی ٣ مانگە بەندکرانەکەی تێپەڕ کرد.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە