سزای سێدارەی نەسیم نەمازی، چوارەمین تۆمەتباری دۆسیەی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" جێبەجێکرا

سزای سێدارەی نەسیم نەمازی، بەندکراوی تورکی خەڵکی ئورمیە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە جێبەجێکرا. شەوی ڕابردوو سزای سێدارەی سێ بەن

٨ بەفرانبار ٢٧٢٣، ١٢:٠٣


هەنگاو؛ هەینی ٨ی بەفرانباری ٢٧٢٣

سزای سێدارەی نەسیم نەمازی، بەندکراوی تورکی خەڵکی ئورمیە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە جێبەجێکرا. شەوی ڕابردوو سزای سێدارەی سێ بەندکراوی کوردی هاودۆسیەی نەسیم نەمازی بەناوەکانی وەفا هەنارە، ئارام عومەری بەردیانی و ڕەحمان پەڕحازوو لەو بەندیخانە جێبەجێکرا. ئەو بەندکراوانە پێشتر بە تۆمەتی داسەپاوی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی هەینی ٨ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (٢٩ی دیسەمبەری ٢٠٢٣)، سزای لەسێدارەدانی نەسیم نەمازی، بەندکراوی بەندکراوی تورک لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێکرا. نەسیم نەمازی ڕۆژی پێشوو لەگەڵ سێ بەندکراوی دیکە کە لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، بۆ ژووری تاکەکەسی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواسترابوونەوە.

سزای سێ تۆمەتباری دیکەی ئەو دۆسیە کە سێ هاووڵاتی کورد بەناوەکانی وەفا هەنارە، ئارام عومەری بەردیانی و ڕەحمان پەڕحازوو بوون، کاتژمێر ٢٣ی شەوی پێنجشەممە ٧ی بەفرانبار لەو بەندیخانەیە جێبەجێکرا.

شایەنی باسە کە دەزگای دادوەریی ئێران بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوەیەکی فەرمی، جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ئەو چوار بەندکراوە سیاسییەی پشتڕاست کردووەتەوە.

سزای سێدارەی ئەو بەندکراوانە لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ئێران پشتڕاست کراوە. هەروەها سزای سێدارەی مەنسوور ڕەسووڵی بۆ بەندکرانی هەتاهەتایی کەمکراوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بە تووندی جێبەجێ کرانی سزای سێدارەی ئەو بەندکراوانە شەرمەزار دەکات و ئەو هەڵسووکەوتە بە پێشێلکرانی ئاشکرای مافی ژیان و کەرامەتی مرۆڤ و هاوکات سەلمێنەری لەبەرچاونەگرتنی یاسا نێودەوڵەتی و بنەماکانی مافی مرۆڤ دەزانێت.

هەنگاو پێشتر بەپێی زانیاری سەرچاوە ئاگادارەکان نووسیوویەتی کە: ناوەندە ئەمنییەکان بە بنەماڵەی ئەو بەندکراوانەیان ڕاگەیاندووە کە تەرمەکان ڕادەستیان ناکرێتەوە. هەروەها هەنگاو ڕۆژی پێشوو هاوکات لەگەڵ ئاگاداربوونەوە لە گواستنەوەی ئەو بەندکراوانە بۆ ژووری تاکەکەسی، بە ڕاگەیاندنی ئەگەری لەسێدارەدرانیان، ئەو هەڵسوکەوتەی وەکوو "هەوڵێک بۆ تۆڵەسەندنەوە بە بۆنەی کوژرانی ڕەزی موسەوی، فەرماندەی پلەبەرزی سوپای پاسداران، کە لەلایەن ئیسرائیلەوە لە سووریا کوژراوە" ناوبرد.

وەفا هەنارە، ئارام عومەری بەردیانی و ڕەحمان پەڕحازوو کۆتایییەکانی مانگی ڕێبەندانی ساڵی ٢٧٢٢، لەلایەن لقی سێی دادگای شۆڕشی شاری ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر نەجەفزادە بە تۆمەتی "بەشداریکردن لە هاوکاری ئیتلاعاتی و سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە