سنە؛ سەیوان ئیبراهیمی، مامۆستای زمانی کوردی، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەرکرا و بۆ بەندیخانە گواستراوە

سەیوان ئیبراهیمی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی لیژنەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی فەرهەنگی_کۆمەڵایەتی "نۆژین"، بەمەبەستی جێبەجێکر

٩ بەفرانبار ٢٧٢٣، ١٥:٠٤


هەنگاو؛ شەممە ٩ی بەفرانباری ٢٧٢٣

سەیوان ئیبراهیمی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی لیژنەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی فەرهەنگی_کۆمەڵایەتی "نۆژین"، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای یەک ساڵ بەندکردنی دەستبەسەرکرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواستراوە. ناوبراو پێشتر لە دوو دۆسیەی جیاوازدا سزای ١١ و یەک ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٩ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (٣٠ی دیسەمبەری ٢٠٢٣)، سەیوان ئیبراهیمی، مامۆستای زمانی کوردی، دوای بانگکران لەلایەن جێبەجێکرانی سزاکانی دادگای سنە، دەستبەسەرکرا و بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانی یەک ساڵەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواسترایەوە. سزای ١١ ساڵ بەندکردنەکەی لە دۆسیەیەکی دیکەدا لە دادگای پێداچوونەوە لەبەر دەستدایە و لە ئەگەری پشتڕاستکردنەوەی، ١٠ ساڵ لەو سزایە جێبەجێ دەکرێت.

مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ، سەیوان ئیبراهیمی لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر کەرەمی، بە تۆمەتی "پێکهێنانی گرووپ و دەستە بەمەبەستی تێکدانی ئاسایشی گشتی" سزای دە ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی "چالاکی تەبلیغی دژ بە حکومەت" سزای یەک ساڵ بەندکران و سەرجەم سزای یازدە ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

سەیوان ئیبراهیمی، مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ، لە دۆسیەیەکی دیکەدا، لەلایەن لقی ١٠٦ی دادگای تاوانەکانی سنە بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی گشتی" سزای یەک ساڵ بەندکران، دوورخستنەوە و ٤٠ قامچی بەسەردا سەپێندرابوو. ڕۆژی ١١ی سەرماوەزی ئەمساڵ، سزای بەندکران و قامچی ناوبراو لە دادگای پێداچوونەوە پشتڕاست کراوە و سزای دوورخستنەوەی بۆ بەندیخانەی دیزڵئاوای کرماشان هەڵوەشایەوە.

سەیوان ئیبراهیمی، پێشتر لە لاپەڕە ئینستاگڕامییەکەی خۆیدا، هۆکارەکانی دەرکردنی ئەو سزایانەی بە "بەرپرسیاریەتی لە ئەنجومەنی نۆژین و چالاکییەکانی لەو ئەنجوومەنە"، "پاڵپشتیکردنی لە بەرخۆدانی هاوژینەکەی، زارا محەممەدی"، "بڵاوکردنەوەی وێنەی شەهیدان لە تۆڕە کۆمەلایەتییەکان" و هەروەها "پەیوەندی لەگەڵ کاناڵی کوردتیوی" ناوبرد و ڕایگویاندبوو کە لە هەبوونی کاناڵێک بەو ناوە ئاگادار نییە.

ئەو ئەندامەی لیژنەی بەڕێوبەریی ئەنجومەنی فەرهەنگی_کۆمەڵایەتی نۆژین، ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی بەفرانباری ٢٧٢٢، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا. لە ئاکامدا ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو، بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پڕۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی سنە ئازادکرابوو.

پێشتر سەیوان ئیبراهیمی، ڕۆژی ١٣ی بەفرانباری ٢٧٢٢، لەحاڵێک کە بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی هاوژینەکەی، زارا محەممەدی، ڕۆیشتبووە دادگای شۆڕشی شاری سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا و ڕۆژی ١٥ی بەفرانبار، بەدانانی بارمتە ئازادکرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە