پێنج هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکرانەکەیان دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کران

پێنج هاووڵاتیی خەڵکی شای شنۆ بە ناوەکانی بەهمەن مەحموودی‌ئازەر، یەعقووب مەحموودی‌ئازەر، یووسف ڕەحمانی، پیرۆت تابناک و موحسین عەزیزی، بە مەبەستی جێبەج

١٠ بەفرانبار ٢٧٢٣، ١٠:٥٦

 

هەنگاو: یەکشەممە، ١٠ی بەفرانباری ٢٧٢٣

پێنج هاووڵاتیی خەڵکی شای شنۆ بە ناوەکانی بەهمەن مەحموودی‌ئازەر، یەعقووب مەحموودی‌ئازەر، یووسف ڕەحمانی، پیرۆت تابناک و موحسین عەزیزی، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکرانەکەیان دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی شەممە، ٩ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (٣٠ی دیسەمبەری ٢٠٢٣)، بەهمەن مەحموودی‌ئازەر و یەعقووب مەحموودی‌ئازەر، هەرکامیان بۆ تێپەڕاندنی سزای ٧ ساڵ بەندکردن، موحسین عەزیزی و پیرۆت تابناک هەرکامیان بۆ تێپەڕاندنی سزای ٢ ساڵ بەندکردن و هەروەها یووسف ڕەحمانی، بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٢ ساڵ و ۵ مانگ بەندکردن، لەلایەن لقی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای شنۆ، بانگ و دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ئەو شارە کران.

لە سەرەتای مانگی سەرماوەزی ئەمساڵدا بەهمەن مەحموودی‌ئازەر، خەڵکی شاری شنۆ و یەعقووب مەحموودی‌ئازەر، خەڵکی گوندی "سینگان"ی ئەو شارە، لەلایەن دادگای شۆڕشی شنۆ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مەهدی ڕەزایی"، هەرکامەیان سزای ٧ ساڵ بەندکردن، پیرۆت تابناک، خەڵکی گوندی سینگان و موحسین عەزیزی خەڵکی ئەو شارە، هەرکامەیان سزای ٢ ساڵ بەندکردن و هەروەها یووسف ڕەحمانی، خەڵکی گوندی "خۆڕشت"ی سەر بە شنۆ، سزای ٢ ساڵ و ۵ مانگ بەندکردنیان بەسەردا سەپاوە.

هەنگاو پێشتر بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوەکانی ڕایگەیاندووە؛ دادگای شۆڕشی شاری شنۆ، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هاوکاریی ئەو حیزبە" ئەو سزایانەی بەسەر ئەو هاووڵاتییانە سەپاندووە.

بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٣، یووسف ڕەحمانی و موحسین عەزیزی لە ماڵ خۆیاندا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون. یووسف ڕەحمانی، ڕۆژی ٢٦ی گەلاوێژ و موحسین عەزیزی، ڕۆژی یەکشەممە، ٢ی گەلاوێژ، بە دانانی بارمتە و بە شێوەیەکی کاتی لە بەندیخانەی شنۆ ئازاد کراون.

یەعقووب مەحموودی‌ئازەر و بەهمەن مەحموودی‌ئازەر، هەردووکیان لە ٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و لە ٢٧ و ١٣ی گەلاوێژ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەیان لە بەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کران.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە