ڕاپۆرتی ساڵانەی هەنگاو لە سەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣

لە کۆتایییەکانی ساڵی ٢٠٢٣ی زایینی، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕاپۆرتی ئاماری خۆی لەسەر بارودۆخی مافی مرۆڤ و پێشێلکرانی

١٠ بەفرانبار ٢٧٢٣، ١٣:٥٣


هەنگاو؛ یەکشەممە ١٠ی بەفرانباری ٢٧٢٣

لە کۆتایییەکانی ساڵی ٢٠٢٣ی زایینی، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕاپۆرتی ئاماری خۆی لەسەر بارودۆخی مافی مرۆڤ و پێشێلکرانی بەربڵاوی مافی سەرەکی هاووڵاتییان لە ئێران بڵاو دەکاتەوە.

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣ی زایینیدا، لانی کەم ٨٢٣ بەندکراو لە سێدارە دراون و ٣٣٣ کۆڵبەر کوژراون و بریندارکراون و ٢٧ هاووڵاتیش بوونەتە قوربانیی تەقینەوەی مین و ماددە تەقەمەنییەکان. هەروەها ٣٤ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێراندا گیانیان لەدەستداوە و ٢٣٤١ هاووڵاتی کە ناسنامەیان بۆ هەنگاو ئاشکراکراوە دەستبەسەرکراون. ٢١ چالاکی سیاسی و هاووڵاتی ناڕازی سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە و ٥٤٧ چالاکیش سەرجەم سزای دوو هەزار و ٩٤ ساڵ و ٨ مانگ بەندکران، ٩٤ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێندراو و ٢٥٤٧ قامچییان بەسەردا سەپاوە.

ئاماری پێشێلکرانی مافی مرۆڤ کە لەلایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوکراوەتەوە سەلمێنەری دۆخی تایبەتی مافی مرۆڤ لە ئێرانە. جێبەجێکرانی سزای سێدارە بۆ ژمارەیەکی زۆر لە بەندکراوان، دەستبەسەرکران و زۆربوونی توندوتیژی دژ بە چین و توێژە چەوساوەکان وەکوو کۆڵبەرەکان و چالاکانی مەدەنی، وێنەیەکی ئازاربەخش لە پێشێلکرانی بەربڵاوی مافەکانی مرۆڤ نیشان دەدات. بێجگە لەوە، هەڵاواردنی نەتەوەیی و مەزهەبی و بە ئامانج گرتنی چالاکانی سیاسی و مەدەنی، لە نیشانەکانی نەبوونی دادپەروەری و ئازادی لە ئێراندایە. ئەو دۆخە نیشان دەدات کە پێویستە کۆمەڵگای جیهانی و ناوەندەکانی داکۆکیکار لەسەر مافەکانی مرۆڤ بە شێوەیەکی بەربڵاوتر سەرنج و گوشاری خۆیان لەسەر چاکسازیی بنەمایی بەپێی دکتۆرین "بەرپرسیارییەتی پاڵپشتیکردن" لە مافەکانی هاووڵاتییان لە ئێران زۆرتر بکەن.

سیاسەتێک کە کۆماری ئیسلامی لە پەیوەندی لەگەڵ ژنان هەڵیبژاردووە، بریتییە لە پێشێلکردنی سیستەماتیکی مافەکانی ژنان و کەمینە ڕەگەزییەکانە و ژیانی ئەوان نە تەنیا لە گۆڕەپانی سیاسی و ڕێوڕەسمەکانی دەسەڵات، بەڵکوو لە گۆڕەپانی کۆمەڵایەتیش بێبایەخ دەکات. کوژرانی ژنان ئاسایییە. کوژرانی ژنان تێچوویەکی نییە، کوژرانی ژنان بە پاساوە دژە ژنانەکان و پاراستنی نامووس جێگای کۆماری ئیسلامی بەهێزتر دەکات. کۆماری ئیسلامی بەشێوەی حکومەتی ژنان دەکوژێت. کۆماری ئیسلامی چالاکی لەو بوارەدا بۆ ژنان زۆر سەخت کردووە. بەو هۆکارانە ئاماری ژنکوژییەکان لە ڕاستیدا زۆر لەو ئامارەی کە ئێمە لە هەواڵەکان و میدیاکان دەیانبینن زیاترن. هەنگاو سەبارەت بە ئاسایی بوونەوەی کوشتنی ژنان لە کۆمەڵگا و دەستبەسەرکران و ئەشکەنجەدانی لەڕادەبەری چالاکان کە بۆ نیشاندانی توندوتیژیی ڕێکخراوانەی دژ بە ژنان و کەمینە ڕەگەزییەکان چالاکی دەکەن، هۆشداری دەدات. هەروەها هەنگاو هۆشداری دەدات کە ئامارەکان لە پەیوەندی لەگەڵ ڕادەی توندوتیژی سیاسی و کۆمەڵایەتی دژ بە کۆمەڵگای کەمینە ڕەگەزیییەکان لە ئێران جێی نیگەرانییە.
 


ڕاپۆرتی وردەکاری و تایبەتی هەنگاو لەبارەی هەریەک لە باسەکانی ژێرەوە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەشێوەی جیا بڵاو دەکرێتەوە؛



جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ٨٢٣ بەندکراو

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ساڵی ٢٠٢٣ی زایینیدا لانی کەم سزای سێدارەی ٨٢٣ بەندکراو لە بەندیخانە جیاوازەکانی ئێران جێبەجێکراوە کە ناسنامەی ٦٦٧ کەس لەوان بەتەواوی بۆ هەنگاو ئاشکراکراوە.

لە نێوان سەرجەم ئەو بەندکراوانەی لە سێدارە دراون ٣١ کەسیان بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، مەزهەبی و بەشداریکردن لە خۆپێشاندانەکان و ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادی و ناڕەزاییەتییەکانی گەڵاڕێزانی ٢٧١٩ لەسێدارە دراون کە ٩ کەس لەو بەندکراوانە کورد بوون.

بەپشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ساڵی ڕابردوودا لانی کەم سزای سێدارەی ١٧٩ بەندکراوی بەلووچ واتە ٢١.٥% کۆی حاڵەتەکان و ١٥١ بەندکراوی کورد واتە ١٨.٥% کۆی حاڵەتەکانی لەسێدارەدراوان جێبەجێکراوە. هەروەها ٥٤ بەندکراوی تورک، ٤٨ بەندکراوی لوڕ و ٢٨ بەندکراوی خەڵکی ئەفغانستان لەسێدارە دراون.
 

هەروەها لە ساڵی ڕابردوودا سزای سێدارەی لانی کەم ٢٢ بەندکراوی ژن و ٥ منداڵی تاوانبار کە تەمەنیان لە کاتی ئەنجامدانی تاوان ژێر ١٨ ساڵ بووە، لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێکراوە.
 

لەکۆی ئەو کەسانەی کە لەسێدارە دراون ٥٧٪ی واتە ٤٦٨ کەسیان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لەسێدارە دراون. هەروەها ٢٨٤ کەسیش بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە و جێبەجێکراوە.



کوژران و برینداربوونی لانی کەم ٣٣٣ کۆڵبەر

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣ی زایینی، کوژرانی کۆڵبەرەکان بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و ٤١ کۆڵبەر و کاسبکار کوژراون و لانی کەم ٢٩٢ کۆڵبەر بریندارکراون.
 

لە کۆی ئەو کۆڵبەرانەی کە بوونەتە قوربانی ٨٦.٥% (٢٧ کوژراو و ٢٥٨ بریندار) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژراون و یان بریندارکراون و باقی حاڵەتەکان بەهۆی تەقینەوەی مین و ڕووداوی سروشتی وەکوو ڕەنووو هەرەسی بەفر و ڕق بردنەوە و … هتد بووە.


هەروەها، کۆڵبەرێکی تەمەن ١٦ ساڵ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراوە و ٢٥ منداڵی کۆڵبەریش لە ساڵی پێشوودا بریندارکراون.

زیاترین ئاماری کۆڵبەرانی قوربانی کە دەبێت بە ١٧٩ حاڵەت لە پارێزگای سنە بووە و دوای ئەو لە پارێزگای کرماشان کە ١٣٨ کۆڵبەر کوژراون یان بریندارکراون.


قوربانیانی مین

لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا لانی کەم ٢٧ هاووڵاتی لە ئێران بەهۆی تەقینەوەی مین و ماددە تەقەمەنییەکان کە لە شەڕی ئێران و عێراق جێ ماون قوربانی بوون کە ٢٦ کەس لەوان هاووڵاتییانی کورد بوون و یەک کەسیش هاووڵاتییەکی عەرەب بووە کە لە شاری شووش بووەتە قوربانی.

لە سەرجەم ئەو ٢٧ کەسەی قوربانی تەقینەوەی مین بوون لانی کەم ٧ کەسیان گیانیان لە دەستداوە و زیاترین قوربانییان بە ١٤ حاڵەت هاووڵاتییانی مەدەنی بوون و ١٢ کەس کرێکار و کۆڵبەر بوون. هەروەها یەک کەسیش لە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بووەتە قوربانی تەقینەوەی مین.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە لانی کەم ٤ منداڵ و یەک ژن لە ساڵی ڕابردوودا بوونەتە قوربانی مین کە دەکاتە ١٨.٥% کۆی حاڵەتەکانی قوربانییانی مین لە ئێراندا.
 


دۆخی بەندکراوان لە ساڵێک کە تێپەڕ بوو

لە ساڵی ٢٠٢٣ لانی کەم ٣٤ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێراندا گیانیان لە دەستداوە کە ١١ کەس لەوان لە ژێر ئەشکەنجە گیانیان لە دەستداوە. لەو ١١ بەندکراوەی لە ژێر ئەشکەنجە گیانیان لە دەستداوە ٨ کەسیان کورد و ٢ کەس بەلووچ و یەک کەس لوڕی بەختیاری بوون.

هەروەها ٧ بەندکراو بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی و دواخستن لە گواستنەوەیان بۆ ناوەندە دەرمانییەکان و باقی حاڵەتەکان بەهۆی ژەهراوی بوون و خۆکوشتن و تێکچوون لەگەڵ بەندکراوانی دیکەدا گیانیان لەدەستداوە.

زیاتر لە ٢٧%ی بەندکراوان کە لە ساڵی ڕابردوودا گیانیان لەدەستداوە واتە ٩ کەس بەندکراوی سیاسی بوون کە ٥ کەسیان لە بەندکراوانی کورد، ٢ کەس بەلووچ و دوو کەس بەندکراوی لوڕی بەختیاری و گیلەک گیانی خۆیان لە دەستداوە.

 


دەستبەسەرکرانە نایاساییەکان، ئاشکراکردنی ناسنامە ٢٣٤٢ کەس

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا لانی کەم ٢٣٤٢ هاووڵاتی کە ناسنامەیان بە تەواوی بۆ هەنگاو ئاشکراکراوە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەرکراون و یان ڕفێندراون.

لە سەرجەم ئەو کەسانەی دەستبەسەرکراون ١٠٢٥ کەس واتە ٤٢% هاووڵاتییانی کورد و ٦٠٧ کەس یانی ٢٦% هاووڵاتییانی بەلووچ بوون. هەروەها ٩٤ کەس هاووڵاتی لوڕ و ٨٧ هاووڵاتی تورک لە ساڵی ڕابردوودا دەستبەسەرکراون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ٢١٤ منداڵ و مێرمنداڵی ژێر تەمەن ١٨ ساڵ دەستبەسەرکراون کە ١٤٢ کەسیان هاووڵاتییانی بەلووچ، ٥٤ کەس کورد و ١٦ کەس خەڵکی ناوچەکانی دیکەی ئێران بوون.


لە سەرجەم دەستبەسەرکرانەکاندا ٣٢٣ کەس ژن، ٦٣ کەس مامۆستای قوتابخانە و مامۆستای زانکۆ، ٤٥ کەس خوێندکار و ١٠٩ کەس لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان بوون.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لانی کەم ١٨٤ چالاکی مەزهەبی دەستبەسەرکراون کە ٩٠ کەس لەوان چالاکی بەهایی بوون و باقی حاڵەتەکان لە چالاکانی سوننی لە کوردستان، ئەهواز، بەلووچستان بوون و چەند هاووڵاتیی مەسیحی، یەهوودی و پەیڕەوی ئایینی یارسانیش دەستبەسەرکراون.



دەرکردنی سزای سێدارە بۆ ٢١ چالاکی سیاسی و بەندکردن و قامچی بۆ ٥٤٧ چالاکی سیاسی، ئایینی و مەدەنی

لە ساڵی ٢٠٢٣دا لانی کەم ٥٦٨ چالاکی سیاسی، مەزهەبی و مەدەنی لەلایەن دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لێپرسینەوەیان لێکراوە و سزای بەندکران، سێدارە و قامچییان بەسەردا سەپاوە. لەو ژمارەیە ٢١ کەسیان سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.

لەو ٢١ هاووڵاتییەی کە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە دوو کەسیان لە بەندکراوانی گیلەک بوون بە ناوەکانی مێهدی محەممەدیفەرد و جەواد ڕووحی کە سزاکەیان لەلایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە هەڵوەشایەوە. جەواد ڕووحی دواتر بە شێوەیەکی گوماناوی لە بەندیخانە گیانی لەدەستدا. لەو ١٨ بەندکراوە لانی کەم ٧ کەس بەندکراوی سیاسی کورد بوون کە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە، نەسرین نەمازی، بەندکراوی سیاسی تورک کە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو سزای سێدارەکەی لە دوایین ڕۆژەکانی ساڵی ٢٠٢٣دا جێبەجێکرا.

هەروەها ١٣ کەس لەو بەندکراوانە بە تۆمەتی بەشداریکردن لە ڕاپەڕینی ژن ژیان ئازادی سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە کە سزای دوو کەس لەوان هەڵوەشێندراوەتەوە و سزای ٦ کەسیان جێبەجێکراوە.

بەپشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لانی کەم ٥٤٧ چالاکی سیاسی، مەدەنی و مەزهەبی لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکران، قامچی و بێبەشبوونی کۆمەڵایەتییان بەسەریدا داسەپێندراوە. زیاتر لە ٤٠%ی ئەو چالاکانەی کە سزای بەندکران و قامچییان بەسەردا سەپێندراوە هاووڵاتییانی کورد بوون، کە ٢١٦ کەسن. ١٠٤ کەس لە کەمینە نەتەوەیی و ئیتنیکییەکانی دیکە وەکوو هاووڵاتییانی تورکی ئازەری، بەلووچ، عەرەب، لوڕی بەختیاری و گیلەک بوون. هەروەها لە نێوان کەمینە ئایینییەکاندا زۆرترین حاڵەتەکان ٦٤ هاووڵاتیی بەهایی بوون.

ئەو ٥٤٧ چالاکە سەرجەم بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، مەزهەبی، مەدەنی، ژینگەپارێزی و پیشەیی سزای دوو هەزار و ٩٤ ساڵ و ٨ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە و ٥٠ کەسیان بریتی لە ٣٧ چالاکی کورد سەرجەم لێدانی ٢٥٤٧ زەربەی قامچییان بەسەردا سەپاوە. هەروەها ٣٠ کەس لەوان بێجگە لە سزای بەندکران و قامچی سەرجەم سزای ٩٤ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێندراویان بەسەردا سەپێندراوە.

لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣، لانی کەم ٥ منداڵ لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکران و قامچییان بەسەردا سەپێندراوە کە هەموویان هاووڵاتییانی کورد بوون و ١٤٤ ژنیش سزای بەندکران و قامچییان بەسەردا سەپێندراوە کە دەکاتە ٢٥.٥% گشت ئەو چالاکانەی سزای بەندکران و قامچییان بەسەردا سەپێندراوە.
 


کوژرانی ١٢٢ ژن لە ساڵی ڕابردوو

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣ لانی کەم ١٢٢ ژن لە تەواوی ئێران تۆمارکراوە کە ٢٩ کەس واتە ٣٢%ی ئەو کوژرانانەی کە ڕووی داوە بە پاساوی پاراستنی نامووس و شەرەف ئەنجامدراوە.

بەپێی ئەو ئامارە، زیاترین ژنانی کوژراو لە پارێزگاکانی تاران، ئەلبۆرز، ئورمیە، کرماشان و فارس بوون.

هەروەها زیاترین ژنانی کوژراو، لەلایەن هاوسەر، هاوسەری پێشوو، باوک، برا و ئەندامانی دیکەی بنەماڵەیانەوە کوژراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە