هۆشداریی هەنگاو لەسەر ئەگەری جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ڕەزا ڕەسایی، دوای ڕەوانەکردنی دۆسیەکە بۆ لقی جێبەجێکردنی سزاکان

دۆسیەی ڕەزا (غوڵامڕەزا) ڕەسایی، بەندکراو سیاسیی کورد و پەیڕەوی ئایینی یارسان و یەکێک لە دەستبەسەرکراوەکانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، کە سزای سێدارەی بەسە

١٠ بەفرانبار ٢٧٢٣، ١٩:٠٨

 

هەنگاو: یەکشەممە، ١٠ی بەفرانباری ٢٧٢٣

دۆسیەی ڕەزا (غوڵامڕەزا) ڕەسایی، بەندکراو سیاسیی کورد و پەیڕەوی ئایینی یارسان و یەکێک لە دەستبەسەرکراوەکانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، کە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی ڕەوانەی لقی جێبەجێکردنی دادگای تاوانەکان لە کرماشان کراوە و مەترسیی جێبەجێکردنی سزاکەی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە ئارادایە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی یەکشەممە، ١٠ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (٣١ی دیسەمبەری ٢٠٢٣)، دۆسیەی ڕەزا ڕەسایی، بەندکراوی سیاسیی کورد و پەیڕەوی ئایینی یارسان، لەلایەن محەمەدڕەسووڵ حەقنەجاتی، سەرۆکی لقی ٢ی دادگای تاوانەکان لە کرماشان و دادوەری بڕیاری سزای سێدارەی بۆ ئەم بەندکراوە سیاسییە، ڕەوانەی دادگای گشتیی تاوانەکانی پارێزگای کرماشان کراوە و مەترسیی ئەگەری جێبەجێکردنی سزاکەی لە ئارادایە.

ڕەوانەکردنی دۆسیەی ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە بۆ لقی جێبەجێکردنی سزاکان کەمتر لە دوو حەفتە بەسەر پەسەندکردن و سەپاندنی سزای سێدارە لەلایەن لقی ١٧ی دادگای باڵا دوای زیاتر لە ١٣ مانگ لە بەندکردن بووە.

ئازەردوخت حەقجوویان، دایکی ڕەزا ڕەساعی، چەند ڕۆژێک لەمەوبار گرتەیەکی ڤیدیۆیەکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: "چۆنە ئەو دۆسیەیە کە ١۵٠٠ لاپەڕەیە لەسەر بنەمای "زانستی دادوەری" لە ماوەی حەفتەیەکدا پێداچوونەوەی پێدا کراوە؟ ".

ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هەنگاو وێڕای دەربڕینی نیگەرانی، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نێونەتەوەیی و ناوەند و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و هەروەها چالاکانی سیاسی و مەدەنی و مافی مرۆڤ دەکات کە پاڵپشتی لە ڕەزا ڕەسایی، بەندکراوی سیاسیی کورد بن کە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە و هەنگاو بۆ ڕاگرتنی جێبەجێکردنی ئەو سزا ناڕەوا و نامرۆڤانەیە هەڵگرن.

هەنگاو پێشتر لەسەر شیکاری یاساییی بڕیاری لەسێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی نووسیبووی: ئەو بڕیارەی وێڕای ئەوەی کە بەگوێرەی پێداچوونەوە دراوە و تەنانەت پێشێلکردنی دەقی یاسا و بنەماکانی فەقیهیشە، هەروەها کۆمەڵێک کەموکوڕی و کێشەی جددیشی هەیە کە زیانی گەورە بە بنەمایە سەرەکیی بڕیارەکە دەگەیەنێت، هەر بۆیەش ویژدانی بیروڕای گشتی قانیع ناکات و ئەمەش دەبێتە هۆی پەرەگرتنی گرژی و ناکۆکی و سەرهەڵدانی هەستی نائەمنی و نادادپەروەری لە کۆمەڵگەدا. بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامە و بەڵگە پێویستانەی بە هەنگاو گەیشتووە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڕیارنامەی فەرمیی دادگا لەسەر ئەو بڕیارە، بە پێشێلکردن و پێچەوانەی یاسایی و بنەماکانی فیقهییش دەزانێت و ئەو سزایە بە بڕیارێکی داواکراو و نایاسایی لەقەڵەم دەدات.

ناوبراو پێشتر لەلایەن لقی ٢ی دادگای تاوانەکان لە پارێزگای کرماشان، بە تۆمەتی کوشتنی نادر بەیرامی، بەرپرسی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە شاری سەحنە، سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە و ئەو سزایە سەرەتای مانگی بەفرەنباری ئەمساڵ لەلایەن لقی ١٧ دادگای باڵا پشتڕاستکرایەوە.

نادر بەیرامی، بەرپرسی پێشووی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە شاری سەحنە، ڕۆژی شەممە، ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، لە ڕەوتی سەرکوتکردنی خەڵکی ناڕازیی شاری سەحنە لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی سەید خەلیل عەلینژاد، کوژرا.

شایانی باسە کە ئەو سزایە بەهۆی دانپێدانانی زۆرەملێی ڕەزا ڕەسایی و دەستبەسەرکراوانی دیکەی هاوڕێی ناوبراو دراوە و دوای چەند مانگێک لە ئەشکەنجەدان و دۆسیەسازی، تاکوو هەنووکەش بەڵگەیەکی یاسایی کا سەلمێنەری ئەم دۆسیەیە بێت نەخراوەتە ڕوو.

ڕەزا ڕەسایی، ڕۆژی هەینی، ٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ لە شاری کەرەج لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای لێپرسینەوە و لێپێچینەوەی لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران، بۆ بەندیخانەی دیزڵ‌ئاوای کرماشان گواسترایەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە