بەندیخانەی قزڵحیسار؛ چوار بەندکراوی مەزهەبی کورد پێنج ڕۆژە مانیان لە خواردن گرتووە

فەرهاد سەلیمی، ئەنوەر خزری، خەسرەو بەشارەت و کامران شێخە، بەندکراوانی مەزهەبیی کورد، بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بە جێبەجێکرانی سزای سێدارەی داوود

١٤ بەفرانبار ٢٧٢٣، ١٣:٥٧


هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٤ی بەفرانباری ٢٧٢٣

فەرهاد سەلیمی، ئەنوەر خزری، خەسرەو بەشارەت و کامران شێخە، بەندکراوانی مەزهەبیی کورد، بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بە جێبەجێکرانی سزای سێدارەی داوود عەبدوڵڵاهی، بەندکراوی هاودۆسیەی خۆیان و هەروەها، ئەگەری جێبەجێکرانی سزای سێدارەکەیان لە داهاتوویەکی نزیکدا، لە بەندیخانەی قزڵحیسار مانیان لە خواردن گرتووە. هەتا ئێستا سزای سێدارەی سێ بەندکراوی هاودۆسیەی ئەو سێ بەندکراوە جێبەجێکراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژی شەممە ٩ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (٣٠ی دیسەمبەری ٢٠٢٣)، فەرهاد سەلیمی، ئەنوەر خزری، خەسرەو بەشارەت و کامران شێخە، بەندکراوانی مەزهەبیی کورد لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج مانیان لە خواردن گرتووە و ئەمڕۆ پێنجەمین ڕۆژی مانگرتنەکەیان تێپەڕکردووە. ئەو بەندکراوانە بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بە جێبەجێکرانی سزای سێدارەی داوود عەبدوڵڵاهی، بەندکراوی هاودۆسیەیییان و مەترسی ئەگەری جێبەجێکرانی سزای سێدارەکەیان مانیان لە خواردن گرتووە.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ١٢ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (٢ی جەنیوەری ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی داوود عەبدوڵڵاهی، بەندکراوی مەزهەبیی کوردی خەڵکی مەهاباد و هاودۆسیەیی ئەو چوار بەندکراوە لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێکراوە. ناوبراو شەش ڕۆژ پێش جێبەجێکرانی سزاکەی و دوای گواستنەوەی بۆ ژووری تاکەکەسی مانی لە خواردن گرتبوو.

پێشتر واتە بەرەبەیانی چوارشەممە ٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٣ (٢٩ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، سزای سێدارەی ئەیووب کەریمی و ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، سزای سێداروی قاسم ئابستە، دوو بەندکراوی مەزهەبی کوردی خەڵکی مەهاباد و هاودۆسیەیی ئەو بەندکراوانە، لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێکرابوو.


بە سەرنجدان بە جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ئەو سێ بەندکراوە هاودۆسیەی ئەنوەر خزری، کامران شێخە، خەسرەو بەشارەت و فەرهاد سەلیمی لەماوەی سێ مانگی خەزەڵوەر، سەرماوەز و بەفرانباری ئەمساڵ، گیانی ئەو چوار بەندکراوەش، لە مەترسی جددیی ئەگەری لەسێدارەدرانیاندایە.


فەرهاد سەلیمی، ئەنوەر خزری، خەسرەوە بەشارەت و کامران شێخە، لەگەڵ سێ بەندکراوی لەسێدارەدراوی دیکە لەژێر ناوی تۆمەتبارانی دۆسیەی کوشتنی "عەبدوڵڕەحیم تینا"، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر مەقیسە بە تۆمەتگەلی وەکوو "چالاکی دژی ئاسایشی نیشتمانی"، "چالاکی تەبلیغی دژ بە حکومەت"، "ئەندامبوون لە گرووپە سەلەفییەکان" و "افساد فی الارض" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا.

ئەو بەندکراوە مەزهەبییانە، ڕۆژی ١٦ی سەرماوەزی ساڵی٢٧٠٩ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکران و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ گواسترانەوە. دانیشتنی بەدواداچوون بە تۆمەتەکانی ئەو بەندکراوانە کۆتایییەکانی مانگی ڕەشەممەی ساڵی٢٧١٥ بەڕێوەچوو و ٥ی جۆزەردانی ساڵی٢٧١٦ ئەو سزایە بە فەرمی پێیان ڕاگەیەندرا.

شایەنی باسە کە ئەو سزا کۆتایییەکانی ساڵی٢٧١٦ لەلایەن لقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێران بە سەرۆکایەتی دادوەر ڕازینی ڕەت کرایەوە و بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران گەڕێندراوە. لە جۆزەردانی ساڵی٢٧١٨ قاسم ئابەستە و ٦ هاودۆسیەیی دیکەی بە تۆمەتی "افساد فی الارض" جارێکی دیکە لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی سزای سێدارەیان بەسەردا سەپا.


ئەو سزا بە گوشاری بەردەوامی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە لەلایەن لقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێرانەوە پەسەندکرا و ڕۆژی دووشەممە ١٤ی ڕەشەممەی ٢٧١٩ بەشێوەی فەرمی بە مەحموود وەلیزادە تەباتەبایی، پارێزەری ئەو بەندکراوە مەزهەبییە کوردانە ڕاگەیەندرا.

ئەو بەندکراوانە کە لە بەندیخانەی گەوهەردەشت لە بەنددا بوون، ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژی ئەمساڵ دوای بەتاڵکردنی ئەو بەندیخانە بۆ بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج گواسترانەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە