پیرانشار؛ وەفا ڕەسووڵی ئازەر بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەرکرا

وەفا ڕەسووڵی ئازەر، لاوی تەمەن ١٩ ساڵی خەڵکی پیرانشار کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دەستبەسەرکرابوو و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی

١٤ بەفرانبار ٢٧٢٣، ١٦:٥٢


هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٤ی بەفرانباری ٢٧٢٣

وەفا ڕەسووڵی ئازەر، لاوی تەمەن ١٩ ساڵی خەڵکی پیرانشار کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دەستبەسەرکرابوو و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامییەوە سەرجەم سزای ٢٦ مانگ و ١٨ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەرکرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواستراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (٤ی جەنیوەری ٢٠٢٤)، وەفا ڕەسووڵی ئازەر، لاوی تەمەن ١٩ ساڵی خەڵکی پیرانشار دوای بانگکران بۆ ناوەندیجێبەجێکردنی سزاکانی ئەو شارە دەستبەسەرکرا و بەمەبەستی تێپەڕکردنی سزای بەندکردنەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندی نەغەدە گواستراوە.

وەفا ڕەسووڵی ئازەر مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ (مەی ٢٠٢٣) لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی دووی پیرانشار بە سەرۆکایەتی دادوەر "ڕەزا قارەمانلوو" بەهۆی تۆمەتی "سووتاندنی بە ئەنقەستی بەنێری ئیدارەی ئیتلاعات" سزای ١١ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکران، بەتۆمەتی "نافەرمانیکردن لە هێزەکانی دەوڵەت" سزای ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکران و بە تۆمەتی "بەشداریکردن لە تێکدانی ئاسایشی گشتی" ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکران و ٤٠ زەربەی قامچی بەسەردا سەپێندرابوو.

بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، قورسترین سزای ئەو هاووڵاتییە واتە ١١ مانگ و ١٦ ڕۆژی جێبەجێ دەکرێت.

شایەنی باسە کە وەفا ڕەسووڵی ئازەر ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (١٨ی جەنیوەری ٢٠٢٣) لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگەکانی ئەو ناوەندە ئەمنییە لە ئورمیە گواسترابۆوە. ناوبراو لە ئاکامدا دوای ١٠٠ ڕۆژ دەستبەسەربوون ڕۆژی هەینی ٨ی گوڵانی ٢٧٢٣ بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ئازادکرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە