دۆسیەسازی بۆ ئەمین مەلەکی، بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی سەقز و دەستبەسەرکردنەوەی ناوبراو

بەندکراوێکی سیاسیی پێشووی خەڵکی شاری سەقز بە ناوی ئەمین مەلەکی کە لە سەرەتای هاویندا ماوەی بەندکردنەکەی کۆتایی هاتووە، جارێکی دیکە لەلایەن ن

١٧ بەفرانبار ٢٧٢٣، ١١:١٧

 

هەنگاو: یەکشەممە، ١٧ی بەفرانباری ٢٧٢٣

بەندکراوێکی سیاسیی پێشووی خەڵکی شاری سەقز بە ناوی ئەمین مەلەکی کە لە سەرەتای هاویندا ماوەی بەندکردنەکەی کۆتایی هاتووە، جارێکی دیکە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دۆسیەسازیەکی نوێ بۆی کراوە و دیسان دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی دووشەممە، ١١ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (١ی جەنیوەری ٢٠٢٤)، هێزە ئەمنییەکانی ئێران هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ئەمین مەلەکی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو، تەمەن ٦٠ ساڵ و خەڵکی گوندی "ئێرانشا"ی سەر بە شاری سەقز و بە شێوەیەکی دڕندانە دەستبەسەریان کردووەتەوە.

لە ئاکامی بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم بەندکراوە سیاسییە، دەرکەوتووە کە ئەمین مەلەکی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری سەقز گواستراوەتەوە و بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ماوەی ٣ ساڵەی پەیوەندیدار بە دۆسیەکەی پێشووی، کە پێشتر بڕیار درابوو لە زێدی خۆی دوور بخرێتەوە و لە بەندیخانەی کاشمەر ماوەی ئەو سزایە تێپەڕ بکات، دەستبەسەر کراوە و بۆ بەندیخانەی سەقز گواستراوەتەوە.

ئەم چالاکە سیاسییە هاوینی ئەمساڵ دوای تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقز ئازاد کراوە. ئەمین مەلەکی، ساڵی ٢٧١٨ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و پاش پێنج مانگ دەستبەسەربوون لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکانی سەقز و سنە، بە دانانی بارمتەی و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا.

دواتر لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی شاری سەقزەوە بە تۆمەتی ئەندامبوون لە حیزبی دێموکراتی کوردستان، سزای ٤ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپا و ئەو سزایەش لە دادگای پێداچوونەوە بۆ ٣٤ مانگ کەم کرایەوە، ئەو سزایە لەگەڵ سزای پێشووتری کۆ کرانەوە و ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٨ی ڕەشەمەی ٢٧٢٠ بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی سەقز کراوە.

شایانی باسە کە لە ساڵی ٢٧١٢دا ئەمین مەلەکی لەلایەن هەمان دادگا و بە هەمان تۆمەت سزای ٣ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە. ناوبراو دوای ئەوەی لە بەندیخانە ئازادیی کاتی وەرگرتووە، ڕووی کردەوە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بەڵام ساڵی ٢٧١٨ دوای وەرگرتنی "ئەماننامە"ی حکوومەتی ئێران و گەڕانەوەی بۆ کوردستان، جارێکی دیکە دەستبەسەر کرایەوە.

دەستبەسەرکردنی ئەم بەندکراوە سیاسییەی پێشوو، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای پەیوەندیدار بە دۆسیەی ساڵی ٢٧١٢یە، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٧١٨ ئەم دۆسیەیە لەگەڵ دۆسیە نوێیەکەی کۆ کراوەنەتەوە و تێکەڵ کراون، دوای کۆتاییهاتنی ماوەی سزاکەشی لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقز ئازاد کراوە.

ئەو هاووڵاتییە پێشتر دوای ئەوەی کە وازی لە حیزبی دێموکراتی کوردستان هێناوە و "ئەماننامە"ی ئیدارەی ئیتلاعاتی وەگرتووە بۆ گەڕانەوە بە زێدەکەی خۆی وگەڕاوەتەوە بۆ شاری سەقز. دوای گەڕانەوەشی دیسان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوەتەوە و دوای پێنج مانگ دەستبەسەربوون لە دەستبەسەرەگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکانی سەقز و سنە، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئەمین مەلەکی، ساڵی ٢٧١٢ بە تۆمەتی ئەندامبوون لە حیزبی دێموکراتی کوردستان لەلایەن دادگای شۆڕشی سەقزەوە سزای ٣ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە و پاش تێپەڕاندنی ماوەی ١ ساڵ سزاکەی، ئازادیی کاتی وەرگرتووە و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی بەجێ هێشتووە.

دوای ئەوەی دەزگای دادوەریی ئێران ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر کۆکردنەوەی و یەکخستن و تێکەڵکردنی ئەو دوو دۆسیە و سزایە، ماوەی بەندکردنی ئەم بەندکراوە کوردە گۆڕدرا بۆ ٢ ساڵ و ١٠ مانگ بەندکردن و پاش تێپەڕاندنی ئەو سزایەش، لە بەندیخانە ئازاد کرا.

بە لەبەرچاوگرتنی ڕەزامەندیی پێشووتر بۆ کۆکردنەوەی و یەکخستن و تێکەڵکردنی ئەو دوو دۆسیە و سزایەی ئەمین مەلەکی و هەروەها پیری و نەخۆشیی ناوبراو، سەپاندنی ٤ ساڵی دیکەی سزای بەندکردن بەسەریدا، هیچ بنەمایەکی دادوەریی ڕەوای نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە