برینداربوونی دوو کۆڵبەر لە سنوورەکانی بانە و سەوڵاوا

کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری سەقز بە ناوی هیوا مەحموودی، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی بانە بریندار بووە. هەروەها کۆڵبەر

١٧ بەفرانبار ٢٧٢٣، ٢٠:٤٠

 

هەنگاو: یەکشەممە، ١٧ی بەفرانباری ٢٧٢٣

کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری سەقز بە ناوی هیوا مەحموودی، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی بانە بریندار بووە. هەروەها کۆڵبەرێکی دیکەی تەمەن ٥٠ ساڵ، لە سنووری شاری سەوڵاوا بەهۆی کەوتنە خوارەوەی لە بەرزایی، بەسەختی بریندار بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی یەکشەممە، ١٧ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (٧ی جەنیوەری ٢٠٢٤)، کۆڵبەرێکی تەمەن ٥٠ ساڵ و خەڵکی ناوچەی هەورامان کە هێشتا ناسنامەی بۆ هەنگاو ڕوون نییە، بەهۆی کەوتنە خوارەوە لە بەرزایییەکانی سنووری سەوڵاوا بەسەختی بریندار بووە.

پێشتریش واتە ڕۆژی پێنجشەممە، ١٤ی بەفرانبار، کۆڵبەری خەڵکی شاری سەقز بە ناوی هیوا مەحموودی بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەکی شەڕکەری هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بریندار بووە.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، هیوا مەحموودی بەهۆی کاریگەری گوللەی شەڕەوە تووشی پچڕانی ڕیخۆڵە و سییەکانی بووە و بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەددین ئەیووبیی بانە گواستراوەتەوە و بەپێی زانیارییەکان بارودۆخی تەندروستیی ناوبراو ناجێگیرە.

لە لایەکی دیکەوە کۆڵبەرێکی دیکەی بەتەمەن لە بەرزایییەکانی سنووری سەوڵاوا کەوتووەتەوە خوارەوە و بەم هۆیەوە سەر و لاقی شکاوە، ئەو کۆڵبەرەش بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی شاری سنە گواستراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە