سەقز؛ لوقمان بیداری بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەرکرا و بۆ بەندیخانە گواستراوە

لوقمان بیداری، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سەقز، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای هەشت مانگ بەندکرانەکەی، دەستبەسەرکرا و بۆ بەندیخانە گواستراوە. ناو

١٨ بەفرانبار ٢٧٢٣، ١٨:٣٠

 

هەنگاو؛ دووشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٣

لوقمان بیداری، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سەقز، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای هەشت مانگ بەندکرانەکەی، دەستبەسەرکرا و بۆ بەندیخانە گواستراوە. ناوبراو لە ساڵیادی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٦ی بەفرانباری ٢٧٢٣(٦ی جەنیوەری ٢٠٢٤)، لوقمان بیداری، تەمەن ٣٩ ساڵ و خەڵکی سەقز، دوای بانگکران لەلایەن لقی جێبەجێکرانی سزاکانی خانەی دادی گشتی و شۆڕشی شاری سەقز، دەستبەسەرکرا و بەمەبەستی تێپەڕکردنی سزای بەندکرانە ٨ مانگەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندی ئەو شارە گواستراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لوقمان بیداری، لەم دوایییانەدا لەلایەن دادگای شۆڕشی سەقزەوە بە تۆمەتی "چالاکی تەبلیغی دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران" سزای هەشت مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی شەممە ٢٥ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (١٦ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣)، هاوکات لەگەڵ ساڵیادی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە نەخۆشخانەی "خومەینی" سەقز دەستبەسەرکرا. ناوبراو لە ئاکامدا دوای سێ حەفتە بەندکران، بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی سەقز ئازادکرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە