دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی سەردەشت بەهۆی دەربڕینی ناڕەزایەتی لەسەر کوشتنی بەرزین حەمزەزادە

هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری سەردەشت بە ناوی دڵشاد محەممەدی، فەرمانبەرێکی شارەوانیی ئەو شار کە لەسەر کوشتنی بەرزین حەمزەزادە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە، نا

١٩ بەفرانبار ٢٧٢٣، ١١:٥٦

 

هەنگاو: سێشەممە، ١٩ی بەفرانباری ٢٧٢٣

هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری سەردەشت بە ناوی دڵشاد محەممەدی، فەرمانبەرێکی شارەوانیی ئەو شار کە لەسەر کوشتنی بەرزین حەمزەزادە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە، ناڕەزایەتیی خۆی دەربڕیوە، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران لە سەردەشت دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (٨ی جەنیوەری ٢٠٢٤) هاووڵاتییەک بە ناوی دڵشاد محەممەدی، فەرمانبەری شارەوانیی شاری سەردەشت، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لەو شارە دەستبەسەر کراوە.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، هێزەکانی ئیتلاعات بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و دادوەری و بە شێوەیەکی دڕندانە ناوبراویان دەستبەسەر کردووە و دواتریش بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.

لەم پەیوەندییەدا سەرچاوەیەک بە هەنگاوی ڕایگەیاندووە؛ دڵشاد محەممەدی، پاش بڵاوکردنەوەی پۆستێکی ناڕەزایەتی لە لاپەڕەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرامی خۆی و لەسەر کوشتنی بەرزین حەمزەزادە، مێرمنداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵی خەڵکی شاری سەردەشت کە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی ئێرانەوە کوژراوە، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا.

هاوکات لەگەڵ دڵشاد محەممەدی، هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی شۆڕش ئەبووبەکری، هونەرمەند و گۆرانیبێژی خەڵکی شاری سەردەشت، لە ماڵی خۆی و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

شایانی باسە کە تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر چارەنووسی ئەو دوو هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە