کوژرانی کۆڵبەرێک لە سنووری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران

کۆڵبەرێکی لاوی خەڵکی شاری سەڵماس بە ناوی شۆڕش خەرگووشی، لە کاتی کۆڵبەری و لە سنووری شاری بانە بە تەقەی ڕاستە

١٩ بەفرانبار ٢٧٢٣، ٢٣:٢٦

 

هەنگاو: سێشەممە، ١٩ی بەفرانباری ٢٧٢٣

کۆڵبەرێکی لاوی خەڵکی شاری سەڵماس بە ناوی شۆڕش خەرەگووشی، لە کاتی کۆڵبەری و لە سنووری شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران، گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، ١٩ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (٩ی جەنیوەری ٢٠٢٤)، کۆڵبەرێکی لاوی تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵکی گوندی "زاویەجیک"ی سەر بە سەڵماس بە ناوی شۆڕش خەرەگووشی، لە کاتی کۆڵبەری و لە سنووری هەنگەژاڵی شاری بانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراوە.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوەکانی هەنگاو؛ ئەو کۆڵبەرە لاوە بە دوو گوللە سینگی پێکراوە و دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە.

شایانی باسە کە شۆڕش خەرەگووشی خێزاندار و باوکی منداڵێک و هەروەها تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی هەنگاو؛ لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا کوشتنی کۆڵبەران بەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا ٤١ کۆڵبەر و کاسبکار کوژراون و لانی کەم ٢٩٢ کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە