کوژرانی دووەمین کۆڵبەر لە سنووری بانە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا

کۆڵبەرێکی خەڵکی بانە بە ناوەی میرزا ئەحمەدی تەمەن ٤٣ ساڵ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا. ئەمە دووەمین کۆڵبەرێکە لە ماوەی کەمتر لە

٢٠ بەفرانبار ٢٧٢٣، ١٠:٢٤

 

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٢

کۆڵبەرێکی خەڵکی بانە بە ناوەی میرزا ئەحمەدی تەمەن ٤٣ ساڵ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا. ئەمە دووەمین کۆڵبەرێکە لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا لە سنووری ئەم شارە کوژراوە.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (١٠ی جەنیوەری ٢٠٢٤) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی سنووری «زلە»ی شاری بانە کۆڵبەرێک بە ناوی میرزا ئەحمەدی تەمەن ٤٣ ساڵ و خەڵکی گوندی «هەنجێنە «کوژرا.

بەوتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، ئەم کۆڵبەرە کە خێزاندار و باوکی دوو منداڵە بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشتر دراوەتە بەر دەستڕێژ و تەرمەکەی دوای گواستنەوە بۆ نەخۆشخانەی بانە تا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوە.

ڕۆژی ڕابردوو، کۆڵبەرێکی دیکەی لاوی خەڵکی شاری سەڵماس بە ناوی شۆڕش خەرەگووشی تەمەن ٣٣ ساڵ، لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری بانە بەتەقەی ڕستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی سەر سنوور کوژرا.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بە هەژمارکردنی ئەم دوو حاڵەتە لە ماوەی ١٠ مانگی ڕابردوودا لانی کەم ٢٠ کۆڵبەر لە سنوورەکانی بانە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە