پیرانشار؛ فایەق ڕەسووڵی چالاکی بواری مافی منداڵان لەژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەکاندا ئێرانی بەجێهێشت

فایەق ڕەسووڵی، خەڵکی پیرانشار و چالاکی مەدەنی لە بواری مافی منداڵان، کۆتایییەکانی پاییزی ئەمساڵ و بەدوای گوشار و هێرشی ئیدارە

٢١ بەفرانبار ٢٧٢٣، ١٠:٤٥

 

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢١ی بەفرانباری ٢٧٢٣

فایەق ڕەسووڵی، خەڵکی پیرانشار و چالاکی مەدەنی لە بواری مافی منداڵان، کۆتایییەکانی پاییزی ئەمساڵ و بەدوای گوشار و هێرشی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار بۆ سەر ماڵەکەی، زێدەکەی خۆی بەجێهێشت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، فایەق ڕەسووڵی، تەمەن ٤٣ ساڵ و لە دامەزرێنەرانی ئەنجوومەنی ئەدەبی پیرانشار (چرا) لە ساڵی ٢٦٩٨ی کوردی، ئەنجوومەنی "بۆ منداڵان" لە ساڵی ٢٧١٧ی کوردی و هەروەها چالاکی بواری مافەکانی منداڵان، بەهۆی گوشاری بەردەوامی ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران ناچار بە بەجێهێشتنی زێدەکەی کرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، فایەق ڕەسووڵی، دوایین جار دوای گەڕانەوە لە سەفەرێکی کاری لە هەرێمی کوردستان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنووری حاجی ئۆمەران، لێپرسینەوەی لێکرا و دەستیان بەسەر پاسپۆرت و مۆبایلەکەیدا گرتبوو.

ئەو سەچاوە ڕایگەیاند کە: "هەر لەو ڕۆژی گەڕانەوەیدا و لە حاڵێک کە فایەق ڕەسووڵی بۆ بەیانی ڕۆژی دوایی لە ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار بانگکرابوو، شەو هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی و لە ئاکامدا، ئەو چالاکە مەدەنییە، بۆ هەمیشە ماڵ و زێدەکەی خۆی بەجێ دەهێڵێت.


هەنگاو ئاگادارکراوەتەوە کە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بنەماڵەی فایەق ڕەسووڵیش لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشارەوە هەڕەشەیان لێکراوە و بەسەختی لەژێر گوشاری بەردەوامی ئەو ناوەندە ئەمنییە داندراون.

شایەنی باسە کە، فایەق ڕەسووڵی، دامەزرێنەری ڕێکخراوی مەدەنیی منداڵان لە پیرانشار و لە چالاکانی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ توندوتیژی دژ بە ژنان، ڕۆژی ١٧ی پووشپەڕی ئەمساڵ لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکرابوو و دوای حەوت کاتژمێر لێپرسینەوە ئازادکرابوو.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە