دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی شاری مەهاباد

هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی شاری مەهاباد بە ناوی ڕەحیم عەبدوڵڵاهی دەستبەسەر کرا و ئەمەش سێیەمین هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارەیە کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردو

٢١ بەفرانبار ٢٧٢٣، ١٠:٥٦

 

هەنگاو: پێنجشەممە ٢١ی بەفرانباری ٢٧٢٣

هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی شاری مەهاباد بە ناوی ڕەحیم عەبدوڵڵاهی دەستبەسەر کرا و ئەمەش سێیەمین هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارەیە کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ١٩ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (٩ی جەنیوەری ٢٠٢٤)، هاووڵاتییەک بە ناوی ڕەحیم عەبدوڵڵاهی، تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی شاری مەهاباد، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران لەو شارە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستوویانەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هێزانە بە شێوەیەکی دڕندانە و نامرۆڤانە هێرشیان کردووەتە سەر شوێنی کاری ئەو هاووڵاتییە کە مێوەفرۆشی هەیە و وێڕای ئەوەی کە دۆخێکی ترسێنەریان لەو شوێنە هێناوەتەوە ئاراوە، ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.

ڕۆژی سێشەممەی ئەم حەفتەیە هەنگاو هەواڵی دەستبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی شاری مەهابادی بە ناوەکانی سیامەند مینا و کەریم سەنگەری (سەنگەرینیا) ڕاگەیاند.

شایانی باسە کە تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییانە و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵیان، هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەو کەسەی خەڵکی شاری مەهاباد لە بەردەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیشیان لەو پەیوەندییەدا هیچ ئاکامێکی نەبووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە