برینداربوونی سێ کۆڵبەر لە سنوورەکانی بانە و نەوسوود بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەت

٢٢ بەفرانبار ٢٧٢٣، ١٣:٥٨

 

هەنگاو؛ هەینی ٢٢ی بەفرانباری ٢٧٢٣

کۆڵبەرێکی تەمەن ١٨ ساڵ بەناوی محەممەد ڕەشیدپوور لە سنووری بانە و ئەکبەر ڕازنەهان و دلاوەر فەرامەرزی، دوو کۆڵبەری خەڵکی پاوە لە سنووری نەوسوود، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بریندارکران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی پێنجشەممە ٢١ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (١١ی جەنیوەری ٢٠٢٤)، ئەکبەر ڕازنەهان و دلاوەر فەرامەرزی، دوو کۆڵبەری خەڵکی گوندی "تین"ی سەر بە شاری پاوە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی جێگیر لە سنووری نەوسوود بریندارکران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەکبەر ڕازنەهان لاقی شکاوە و دلاوەر فەرامەرزی لاقی بە سەختی بریندارکراوە.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی بەفرانبار، کۆڵبەرێکی تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی سەقز بە ناوی محەممەد ڕەشیدپوور لە سنووری "کەندەسوور"ی ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان بریندارکرا.

ئەو سێ کۆڵبەرە بە سەختی بریندارکراون و بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان لە شاری پاوە و بانە گواستراونەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە