تاران؛ ئیمان حەسەنوەند لەژێر ئەشکەنجەی ئیدارەی ئاگاهیدا گیانی لەدەستدا

ئیمان حەسەنوەند هاووڵاتیی لوڕی خەڵکی خوڕەمئاوای ناوەندی پارێزگای لوڕستان، کە بۆ ماوەی نزیک چوار مانگی پێشوو لەلایەن هێزەکانی ئیدا

٢٣ بەفرانبار ٢٧٢٣، ٢١:٥١

 

هەنگاو؛ شەممە ٢٣ی بەفرانباری ٢٧٢٣

ئیمان حەسەنوەند هاووڵاتیی خەڵکی خوڕەمئاوای ناوەندی پارێزگای لوڕستان، کە بۆ ماوەی نزیک چوار مانگی پێشوو لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئاگاهییەوە لە تاران لەگەڵ بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەرکرابوو، لەژێر ئەشکەنجەی ئەو ناوەندە ئەمنییەدا گیانی لەدەستدا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئیمان حەسەنوەند، لاوی تەمەن ٣٠ ساڵی خەڵکی لوڕستان دوای ١١٤ ڕۆژ دەستبەسەربوون (سێ مانگ و ٢٤ ڕۆژ)، ڕۆژی شەممە ٢٣ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (١٣ی جەنیوەری ٢٠٢٤)، لەژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکاندا لە ئیدارەی ئاگاهی تاران گیانی لەدەستدا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ناوەندە ئەمنییەکان ئەمڕۆ پەیوەندییان لەگەڵ بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە گرتووە و ئەوانیان لە مردنی ڕۆڵەکەیان ئاگادار کردووەتەوە و سەبارەت بە میدیایی کردنەوەی ئەو بابەتە هۆشدارییان پێیانداوە.

ئیمان حەسەنوەند ئێوارەی پێنجشەممە ٣٠ی خەرمانانی (٢١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣)، لە ڕەوتی هەڵکوتانی هێزەکانی ئیدارەی ئاگاهی تاران لە گەڕەکەکەیاندا، لەگەڵ بەکارهێنانی توندوتیژی و لە حاڵێکدا کە بریندار بووە دەستبەسەرکرابوو. هاوکات مەجید ڕەزایی لاوی تەمەن ٣٢ ساڵی خەڵکی خوڕەمئاوا لە ڕەوتی ئەو هێرشەدا و لە کاتێکدا کە مەبەستی هەڵاتنی بووە بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە سەری کراوە بە ئامانجی دوو گوللە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.

هەر لەو کاتەدا ڤیدیۆیەک لە ئیمان حەسەنوەند بڵاوکرابوویەوە کە نیشانی دەدا لە حاڵێکدا کە بریندار بوو و لە دەستبەسەربووندا بەسەری دەبرد، یەکێک لە هێزە ئەمنییەکان هاواری بەسەردا دەکرد تا خۆی بناسێنێت و بڵێت کە بە چ ناوبانگێک ناسراوە. ئەو ڤیدیۆ لە دەستی هەنگاودایە.

هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە ئەو دوو لاوە لە هاوڕێکانی ئیمان هیمەتی بوون کە ڕۆژی دووشەممە ١ی جۆزەردانی ئەمساڵ، بە زەربەی باتوون و تەقەی ڕاستەوخۆ لە سەری، لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە لە تاران کوژرا. ناوبراو تەمەنی ٣٥ ساڵ و خەڵکی خوڕەمئاوا بوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە