دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییەکی کورد لە پیرانشار
سەلاح عوسمانی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی خەراپە سەر بە شاری پیرانشار و دانیشتووی ئەو شارە، لەلایەن هێز
هەنگاو؛ سێشەممە ٢٦ی بەفرانباری ٢٧٢٣
سەلاح عوسمانی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی خەراپە سەر بە شاری پیرانشار و دانیشتووی ئەو شارە، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەرکرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممەی ٢٦ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (١٦ی جەنیوەری ٢٠٢٤)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیانکووتاوەتە سەر ماڵی سەلاح عوسمانی، هاووڵاتی تەمەن ٤٥ ساڵی خەڵکی پیرانشار و بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری ناوبراویان دەستبەسەرکردووە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستوویانەتەوە.
بەوتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، هێزە ئەمنییەکان لە ڕەوتی دەستبەسەرکردنی سەلاح عوسمانی، دەستیان بەسەر کەلوپەلە ئەلیکترۆنییەکانی ئەو هاووڵاتییە و بنەماڵەکەیدا گرتووە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ناوبراو و هەروەها شوێنی ڕاگرتنەکەی زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.