بەندیخانەی ئورمیە؛ بەندکراوێکی مەحکووم بە بڕینەوەی پەنجەکانی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

بەندکراوێکی خەڵکی ئورمیە بە ناوی ئەمیر شەهبازی کە پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەری ئێرانەوە سزای بڕینەوەی پەنجەکانی دەستی بەسەردا سەپێندرابوو،

٢٧ بەفرانبار ٢٧٢٣، ١٧:٣٥

 

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٧ی بەفرانباری ٢٧٢٣

بەندکراوێکی خەڵکی ئورمیە بە ناوی ئەمیر شەهبازی کە پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەری ئێرانەوە سزای بڕینەوەی پەنجەکانی دەستی بەسەردا سەپێندرابوو، لە دوای هەوڵدان بۆ خۆکوشتن، گیانی لەدەستدا. ئەمڕۆ هەموو هێڵەکانی پەیوەندی بەندی ژنان و پیاوانی بەندیخانەی ئورمیە بچرابوو.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٧ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (١٧ی جەنیوەری ٢٠٢٤) بەندکراوێک بە ناوی ئەمیر شەهبازی تەمەن ٣٧ ساڵ و خەڵکی ئورمیە، لە ژووری تاکەکەسی بەندیخانەی ئورمیە لە ڕێگەی خواردنی حەب هەوڵی خۆکوشتنی داوە و بە هۆی درەنگ گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەمیر شەهبازی ڕۆژی ڕابردوو بە بڕیاری بەرپرسانی بەندیخانە و بە بیانووی «هەبوونی مۆبایل» بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترابووە. ئەم بەندکراوە ڕۆژی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو لە ئەگەری گواستنەوەی بۆ ژووری تاکەکەسی کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت.

جێگای ئاماژەیە کە، ئەمیر شەهبازی ٧ ساڵ پێش دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دەزگای تاوانەکانی ئورمیە بە تۆمەتی «دزی» سزای بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاستی، بەسەردا سەپێندرابوو.

هەنگاو زانیویەتی، لە دوای هەوڵی خۆکوشتنی ئەم بەندکراوە، هەموو هێڵەکانی پەیوەندی بەندی ژنان و پیاوانی بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە بچڕاوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە