دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییەکی کورد لە نەغەدە

هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی نەغەدە بەناوی ئازاد بەندەری لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لەو شار

٣٠ بەفرانبار ٢٧٢٣، ٢٠:١٥

 

هەنگاو؛ شەممە ٣٠ی بەفرانباری ٢٧٢٣

هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی نەغەدە بەناوی ئازاد بەندەری لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لەو شارەدا دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێرە سەرەتایییەکانی بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی ٢٩ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (١٩ی جەنیوەری ٢٠٢٤)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئازاد بەندەری هاووڵاتیی کوردی خەڵکی نەغەدە و بە بەکارهێنانی توندوتیژی ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و لەگەڵ سازکردنی کەشێکی سەربازی و تۆقێنەر ئەو هاووڵاتییەیان دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستوویانەتەوە. ئازاد بەندەری خێزاندار و باوکی سێ منداڵە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە و هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە