جێبەجێکردنی سزای سێدارەی محەممەد قوبادلوو، ناڕازاییەکی تووشبووی نەخۆشیی دەروونی

سزای سێدارەی محەممەد قەبادلوو، تەمەن ٢٣ ساڵ و یەکێک لەو خۆپیشاندەرانە کە لە سەردەمی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستبەسەر کرا، سەرەڕای ئەوەی تو

٣ ڕێبەندان ٢٧٢٣، ١٠:٣٨

 

هەنگاو: سێشەممە، ٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣

سزای سێدارەی محەممەد قەبادلوو، تەمەن ٢٣ ساڵ و یەکێک لەو خۆپیشاندەرانە کە لە سەردەمی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستبەسەر کرا، سەرەڕای ئەوەی تووشی نەخۆشیی دەروونی بوو، جێبەجێ کرا. ناوبراو یازدەیەمین ناڕازی دەستبەسەرکراوی بزووتنەوەی جەماوەری ساڵی ڕابردووە کە لە بەندیخانەکانی ئێراندا لەسێدارە دراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣ (٢٣ی جەنیوەریی ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی محەممەد قەبادلوو، تەمەن ٢٣ ساڵ و دانیشتووی شاری پەرەندی تاران، لە بەندیخانەی قەزڵحیساری شاری کەرەج جێبەجێ کرا.

بە لەبەرچاوگرتنی باری دەروونیی ئەو بەندکراوە، جێبەجێکردنی سزاکەی کردەوەیەکی نامرۆڤانەیە کە بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ دادەنرێت و هەنگاو بەتوندی ئەو کارەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئیدانە دەکات و بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای هەموو یاساکانی مافی مرۆڤ و یاسا نێونەتەوەیی و نێودەوڵەتییەکان و تەنانەت یاساکانی خودی ئێرانیش دەزانێت.

پێشتر مەعسوومە ئەحمەدی، دایکی محەممەد قوبادلوو، لە کاردانەوەی بەرانبەر بە سزای سێدارەی کوڕەکەی، بە بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆیییەک ڕایگەیاند؛ محەممەد تووشی نەخۆشیی "دوو قوتبی" بووە و چەند مانگی پێش دەستبەسەربوونیشی دەرمانەکانی نەخۆشییەکەی بەکار نەدەهێنا، بەڵگەی باوەڕپێکراویشی بڵاوکرانەوە کە تێکچوونی تەندروستیی دروونیی ئەو بەندکراوە سیاسییەی پشتڕاست کردەوە.

جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ئەو بەندکراوە لە کاتێکدا بووە کە سزاکەی لە لقی ١ی دادگای باڵای ئێرانەوە هەڵوەشابووەیەوە، بەڵام ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، ٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣، دەزگای دادوەریی ئێران جێبەجێکردنی سزاکەی ناوبراوی ڕایگەیاند.

شەوی ڕابردوو، ئەمیر ڕەئیسیان، پارێزەری محەممەد قوبادلوو، لە وەڵامی وەرگرتنی ئەم ئاگادارییەدا نووسیویەتی: "هەر بڕیارێک بەگوێرەی ماددەی ٤٧٧ بدرێت، نکۆڵکردن و ڕەتکردنەوەی مافی محەممەد قەبادلوو بۆ پێداچوونەوەی دووبارەی دۆسیەکەی، لەگەڵ وابێژییەکانی دادپرسیدا ناتەبایە".

ئەم پارێزەرە جەختی لەوەش کردەوە کە جێبەجێکردنی سزای سێدارەی محەممەد قوبادلوو هیچ مۆڵەتێکی یاسایی نییە و وتی: "بێگومان بە کوشتن بەئەنقەست دادەنرێت".

محەممەد قوبادلوو لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەوە تۆمەتبار کراوە کە بەئەنقەست بە ئۆتۆمۆبیل داویە لە کۆمەڵێک لە ئەندامانی هێزێکی حکوومەت و ئەندامێکی ئەو هێزانەی بە ناوی "فەرید کەرەمپوور" کوشتووە.

پاشان ئەم لاوە ناڕازییە لەلایەن دادگای شۆڕشی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی "ئەبولقاسم سەڵواتی" ناسراو بە دادوەری مردن، بە تۆمەتی " افساد فی‌الارض" سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە.

ڕۆژی چوارشەممە ٤ی گەلاوێژ، پارێزەر محەمەد قەبادلوو لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لە لاپەڕەی خۆی، هەڵوەشانەوەی سزای سێدارەی ئەو بەندکراوەی لەلایەن لقی ١ی دیوانی باڵای ئێرانی ڕاگەیاند و نووسیبووی: "ئەم دۆسیەیە بە مەبەستی پێڕاگەیشتن و پێداچوونەوەی دووبارە بەو کێشانەی پەیوەندییان بە تەندروستیی دەروونیی ئەو بەندکراوە هەیە و بڕیار لەسەر سزای ناوبراو، ڕەوانەی لقی ١ی دیوانی باڵای ئێران دەکرێت".

بارودۆخی ناڕوونی دۆسیەی محەممەد قوبادلوو تاکوو ئێوارەی دوێنێ بەردەوام بووە و دواجاریش سەرەڕای ئەوەی کە جارێک لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە هەڵوەشاوەتەوە، لە ئاگادارییەکی نێردراوی لقی جێبەجێکردنی سزای تاوانەکانی داواکاری گشتی و شۆڕشی ڕۆباتکەریم، ڕاگەیەندرا کە ئەم سزایە بەرەبەیانیی ڕۆژی ٣ی ڕێبەندان جێبەجێ دەکرێت.

هەر لەو پەیوەندییەدا پێش لە محەممەد قوبادلوو، سزای سێدارەی ١٠ خۆپیشاندەری دەستبەسەرکراوی دیکە لە پەیوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی سەرانسەریی ساڵی ڕابردوودا، بە ناوەکانی موحسین شکاری، مەجیدڕەزا ڕەهنەوەرد، محەممەد مەهدی کەرمی، محەممەد حوسێنی، ساڵح میرهاشمی، مەجید کازمی، سەعید یەعقووبی، میلاد زۆهرەوەند، محەممەدڕامز ڕەشیدی و نەعیم هاشمی‌قەتالی جێبەجێ کراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە