دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری جوانڕۆ بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی

هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری جوانڕۆ بە ناوی زانیار مەحموودی، کە پاییزی ئەمساڵ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو، سزای ٦ مانگ ب

٣ ڕێبەندان ٢٧٢٣، ١٧:٤٢

 

هەنگاو: سێشەممە، ٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣

هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری جوانڕۆ بە ناوی زانیار مەحموودی، کە پاییزی ئەمساڵ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو، سزای ٦ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە و بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەو سزایەش جارێکی دیکە دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی دووشەممە، ٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣ (٢٢ی جەنیوەریی ٢٠٢٤)، زانیار مەحموودی، تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی شاری جوانڕۆ، دوای ئەوەی لەلایەن لقی جێبەجێکردنی سزاکان لەو شارە بانگ کراوە، بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی شاری کرماشان (دێزڵ‌ئاوا) کراوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی هەنگاو، ئەو هاووڵاتییە لەم دوایییانەدا لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری جوانڕۆ بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی"، سزای ٦ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.

شایانی باسە کە ڕۆژی پێنجشەممە، ١١ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (٢ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، زانیار مەحموودی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری جوانڕۆ و لە ماڵەکەی خۆیدا بەبێ هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و یاسایی دەستبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتە و بە شێوەیەکی کاتی تاکوو کۆتاییی دادگاییکردنەکەی ئازاد کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە