مەتین حەسەنی، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان و برینداری ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٢٧١٨ دەستبەسەر کرایەوە

هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوی مەتین حەسەنی و بریندارێکی ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی خەزەڵوەری ٢٧١٨ کە چاوێکی بریندار بووە، جارێکی دیکە لەلای

٤ ڕێبەندان ٢٧٢٣، ١١:٢٥

 

هەنگاو: چوارشەممە، ٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣

هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوی مەتین حەسەنی و بریندارێکی ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی خەزەڵوەری ٢٧١٨ کە چاوێکی بریندار بووە، جارێکی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرایەوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی سێشەممە ٣ ڕێبەندانی ٢٧٢٣ (٢٣ی جەنیوەریی ٢٠٢٤)، مەتین حەسەنی، تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان، جارێکی دیکە لە ماڵی خۆیان و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرایەوە.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، دوو ڕۆژ دوای ئەوەی کە مەتین سەر گۆڕی یەڵدا ئاقافەزڵی کرد و گرتەڤیدیۆیەکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کردەوە، دەستبەسەر کرا.

یەڵدا ئاقافەزڵی، هونەرمەندی ناڕازی کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری تاران و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای ئازادبوونی لە بەندیخانە بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست دا.

هەروەها مەتین حەسەنی سەردانی گۆڕی گیانبەختکردووانی دیکەی بە ناوەکانی ژینا ئەمینی، نیکا شاکەرەمی و کیان پیرفلەک کردبوو.

شایانی باسە کە ئەو لاوە بریندارە کوردە لە ڕەوتی ڕاپەڕینی خوێناویی خەزەڵوەری ٢٧١٨، بە تەقەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران چاوی چەپی بریندار بووە.

ناوبراو مانگی سەرماوەزی ٢٧١٨ لە کاتێکدا کە بۆ چارەسەریی چاوە بریندارەکەی لە تاران لەژێر چاودێریی پزیشکدا بوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە ناوەندێکی پزیشکی دەستبەسەر کرا و دوای ماوەیەکی کەم بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە