بەندیخانەی سنە؛ هۆشمەند عەلیپوور، بەندکراوی سیاسی کورد ئازاد کرا

هۆشمەند عەلیپپور، بەندکراوی سیاسی کورد و خەڵکی سەردەشت دوای تێپەڕکردنی ماوەی دوو هەزار و سێ ڕۆژ بەندکران بێ دەستڕاگەیشتن بە مافی مەرەخەسی و بە تەواوکر

٧ ڕێبەندان ٢٧٢٣، ١٩:٤٣

 

هەنگاو؛ شەممە ٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣

هۆشمەند عەلیپپور، بەندکراوی سیاسی کورد و خەڵکی سەردەشت دوای تێپەڕکردنی ماوەی دوو هەزار و سێ ڕۆژ بەندکران بێ دەستڕاگەیشتن بە مافی مەرەخەسی و بە تەواوکردنی ماوەی سزاکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازادکرا. ئەو بەندکراوە پێشتر سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو کە ئەو سزایە لەلایەن دیوانی باڵاوە ڕەت کرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣ (٢٧ی جەنیوەری ٢٠٢٤)، هۆشمەند عەلیپوور، بەندکراوی سیاسی کورد و خەڵکی سەردەشت دوای تێپەڕکردنی سزاکەی سزاکەی و تێپەڕکردنی پێنج ساڵ و پێنج مانگ و ٢٧ ڕۆژ بەندکران( ٢٠٠٣ ڕۆژ بەندکران) لە بەندیخانەی ناوەندی سنە ئازادکرا.

هۆشمەند عەلیپوور ڕۆژی هەینی ١٢ی گەلاوێژی ٢٧١٨، لەگەڵ محەممەد ئوستاد قادر، خەڵکی سەقز، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە لە شاری سەقز دەستبەسەرکرا و دوای ١٠٨ ڕۆژ لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی سەقز و لە مانگی بەفرانباری ئەو ساڵەدا بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواستراوە.

دانیشتنی دادگای ئەو دوو هاوولاتییە لە ڕێکەوتی ٩ی خەزەڵوەری ٢٧١٩، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی بەڕێوەچوو و هۆشمەند عەلیپوور بە تۆمەتی "بەغا" لە ڕێگەی ئەندامبوون لە پارتی ئازادی کوردستان (پاک) سزای سێدارەی بەسەردا سەپا و ئەو سزایە ڕۆژی یەکشەممە ٨ی بەفرانباری ئەو ساڵە بەشێوەی فەرمی بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندرا. هەروەها محەممەد ئوستاد قادر سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

سزای سێدارەی هۆشمەند عەلیپوور دواتر لەلایەن دیوانی باڵاوە ڕەت کرایەوە و بۆ لقی بەرابەری گەڕێندراوە. دانیشتنی دادگای ئەو بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی خەرمانانی ٢٧٢٠، لە لقی دووی دادگای شۆڕشی سنە بەڕێوەچوو و سزای ٨ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا کە ئەو سزا ڕۆژی شەممە ٥ی ڕەزبەری ئەو ساڵە بەشێوەی فەرمی پێی ڕاگەیەندرا.

شایەنی ئاماژەپێدانە کە هۆشمەند عەلیپوور مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە دژایەتیکردنی ناوەندە ئەمنییەکان لەگەڵ ئازادی مەرجداری ناوبراو سەرەڕای تێپەڕکردنی ٥ ساڵ لە سزای هەشت ساڵ بەندکرانەکەی مانی لە خواردن گرتبوو.

هەروەها ناوبراو لە مانگی خەزەڵوەری ٢٧٢١دا بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دژایەتی ئیدارەی ئیتلاعات لەگەڵ داوای مەرەخەسیی ناوبراو بەمەبەستی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی براکەیدا کە لە کاتی کۆڵبەری بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا، مانی لە خواردن گرتبوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە