لە بەندیخانەی سەبزەوار سزای سێدارەی ژنێک جێبەجێکرا

سزای سێدارەی ژنێکی خەڵکی سەبزەوار بە ناوی زارا نەزەریان کە پێشتر بە هۆکاری کوشتنی بە ئەنقەست ئەو سزایەی بەسەردا

١١ ڕێبەندان ٢٧٢٣، ٢٠:٥٣

 

هەنگاو؛ چوارشەممە ١١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣

سزای سێدارەی ژنێکی خەڵکی سەبزەوار بە ناوی زارا نەزەریان کە پێشتر بە هۆکاری کوشتنی بە ئەنقەست ئەو سزایەی بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندی ئەم شارە جێبەجێکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣ (٣١ی جەنیوەری ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی ژنێکی بەندکراو بە ناوی زارا نەزەریان لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سەبزەوار سەر بە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی جێبەجێکرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، زارا نەزەریان خەڵکی سەبزەوار، چوار ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستی خوشکی هاوژینەکەی دەستبەسەر کرابوو و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرابوو.

هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم ژنە بەندکراوە، هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە لە میدیاکانی سەر بە حکومەتی بەتایبەتی میدیاکانی سەر بە دەزگای داد بڵاو نەکراوەتەوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣ دا لانی کەم سزای سێدارەی ٢٢ ژنی بەندکراو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران جێبەجێکرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە