ڕاپۆرتی مانگانەی هەنگاو لە سەر پێشێلکردنی مافەکانی ژنان لە ئێراندا، جەنیوەری ٢٠٢٤

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی جەنیوەری ٢٠٢٤دا لانی کەم سزای

١٦ ڕێبەندان ٢٧٢٣، ١٨:٤٨

 

هەنگاو؛ دووشەممە ١٦ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی جەنیوەری ٢٠٢٤دا لانی کەم سزای سێدارەی یەک ژن لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا جێبەجێکراوە. هەروەها ١٢ چالاکی ژن دەستبەسەرکراون و ١٧ چالاکی ژنیش لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە سزای بەندکران ولێدانی قامچییان بەسەردا سەپێندراوە. لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ٩ حاڵەتی ژنکوژی لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا تۆمارکراوە.

 

جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ژنان لە ئێراندا

لە مانگی ڕابردووی زایینیدا لانی کەم سزای سێدارەی یەک ژن لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا جێبەجێکراوە. ساڵی ڕابردوو سزای سێدارەی ٢٢ ژن لە ئێران جێبەجێکرابوو.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە ڕێکەوتی ٣١ی جەنیوەری ٢٠٢٣، سزای سێدارەی ژنێکی خەڵکی سەبزەوار سەر بە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی بەناوی زارا نەزەریان لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارەدا جێبەجێکرا. ناوبراو پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی هاوسەری خوشکەکەی دەستبەسەرکرابوو و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

بەپێی یاساکانی کۆماری ئیسلامی لە پەیوەندی لەگەڵ ژناندا، لە ئێران نە تەنیا هیچ چەشنە یاسایەک بۆ پاڵپشتی لە ژنان لە پەیوەندی لەگەڵ توندوتیژی خێزانیدا بوونی نییە، بەڵکوو دەقی یاساکانیش لەو بوارەدا ڕێگای هەموو جۆرەکانی توندوتیژی وەکوو توندوتیژی سێکسی، فیزیکی، ئابووری و دەروونی بۆ ژنان ئاسایی دەکەنەوە.

 

دەستبەسەرکرانی ١٢ ژن لە مانگی جەنیوەری

بەپشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی مانگی جەنیوەری ٢٠٢٤دا، لانی کەم ١٢ چالاکی ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا دەستبەسەرکراون کە ٦ کەس لەوان لە هاووڵاتییانی تورکی ئازەربایجانی و خەڵکی سەڵماس بوون کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتی بە دەرەنجامەکانی کارخانەیەکی خوێ لەسەر ژینگە دەستبەسەرکراون. هەروەها خوێندکارێکی زانکۆ، مامۆستایەکی زانکۆ، پارێزەرێک و چالاکێکی بەهایی و چالاکێکی مەزهەبی کوردی ژن لە مانگی ڕابردوودا دەستبەسەرکراون.

سۆرنا عەلیپوور خەڵکی شیراز، نەسرین عەبدوڵڵاهی خەڵکی بانە، نیلووفەر سادات هاشمیان خەڵکی سمنان، سومەیە عەلیپوور، ئێلناز عەلیپوور، سەعیدە ئەحمەدی، لەتیفە مەولایی، ڕوباب عەلیپوور و سووسەن مەولایی کە هەموویان خەڵکی سەڵماس بوون و ئازیتا فرووغی سادات خەڵکی مەشهەد، ئایات عەبیات خەڵکی حەمیدیە و تینا دڵجوو خەڵکی ڕەشت ئەو ژنانە بوون کە لە مانگی جەنیوەریدا لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەرکران.

 

سەپاندنی سزای بەندکران بەسەر چالاکانی ژن

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی جەنیوەری ٢٠٢٤دا لانی کەم ١٧ چالاکی ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا کە ژمارەیەکیان بریتین لە نەرگس محەممەدی براوەی خەڵاتی ئاشتی نۆبڵی ٢٠٢٣، گوڵاڵە وەتەن دووست، پارێزەری کورد و لە چالاکانی بواری مافی ژنان و مریەم ئەکبەری مونفەرید، بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەی ئێڤین سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ئەو ١٧ چالاکە سەرجەم سزای ٥٠ ساڵ و ٧ مانگ و ٢٠ ڕۆژ بەندکرانی هەڵپەسێندراویان بەسەردا سەپێندراوە و فریشتە مەهدەوی خەڵکی گورگان بێجگە لە سزای بەندکران، سزای ٥٠ زەربەی قامچیشی بەسەردا سەپێندراوە.

١-مریەم ئەکبەری مۆنفەرید، خەڵکی تاران سزای ٣ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

٢-مێهناز تەڕاح خەڵکی تاران سزای ٤ ساڵ و ٤ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

٣-زەینەب خونیابپوور خەڵکی بێهبەهان، سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

٤-فەرزانە بەرزەکار لە دایکانی دادخوازی خەڵکی ئامۆل سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

٥-نیروانا توربەتینژاد منداڵی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی گورگان سزای ١٠ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

٦-فریشتە مەهدەوی خەڵکی گورگان سزای ١٠ مانگ بەندکران و ٥٠ زەربەی قامچی بەسەردا سەپێندراوە.

٧-فاتمە حەقپەرست، خەڵکی تاران سزای ٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

٨-مەحبووبە بیگدێلی خەڵکی گەچساران سزای ٥ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

٩-نەرگس محەممەدی چالاکی خەڵکی زەنجان سزای ١ ساڵ و ٣ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

١٠-فاتمە تەدریسی خەڵکی تاران سزای ٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

١١-مریەم جەلالی حوسێنی خەڵکی تاران سزای ٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

١٢-گوڵاڵە وەتەن دووست، پارێزەری خەڵکی مەریوان سزای ٦ ساڵ و ٧ مانگ و ٢٠ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

١٣-بەیان فەرەجوڵڵاهی خەڵکی سنە سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

١٤-غەزالە زارع خەڵکی خوڕەمئاوا سزای ٣ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

١٥-پەریسا ساڵحی خەڵکی کەرەج سزای ١ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێندراوی بەسەردا سەپێندراوە.

١٦-مریەم جەوادی خەڵکی تاران سزای ٥ ساڵ و ٨ مانگ بەندکرانی هەڵپەسێندراوی بەسەردا سەپێندراوە.

١٧-بەهارە شیری لە دایکانی دادخوازی خەڵکی سەمیرۆم سزای ٦ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێندراوەی بەسەردا سەپێندراوە.

دەستبەسەرکران و سزادانی ژنان یەکێک لە شێوەکانی هەڵاواردن لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە. لە ڕەوتی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی گوشارەکان لەسەر چالاکانی ژن قەبارەیەکی بەربڵاوتر و سەختتری بەخۆیەوە دیتووە. کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی ڕێکخراوانە بەردەوام لە کاتی هاتنە سەرکارییەوە هەوڵیداوە کە گۆڕەپانی چالاکی کۆمەڵایەتی، سیاسی و مافی مرۆڤ بۆ ژنان بەرتەسکتر کاتەوە. سیاسەتەکانی جیاکردنەوەی ڕەگەزی و هەروەها پەڕاوێزخستنی زیاتری کۆمەڵگای کەمینە ڕەگەزییەکان لە ڕێگەی بە سزاناساندنی ناسنامەیانەوە یەکێک لە سیاسەتەکانی ئاپارتایدی ڕەگەزی لە ئێراندایە.

 

ژنکوژی

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی جەنیوەریدا لانی کەم ٩ ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا کوژراون کە کوژرانی ٧ کەس لەوان لەلایەن کەسانی نزیکی خۆیانەوە وەکوو هاوژین، کوڕ و براکەیانەوە بووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ٣ ژن لەلایەن هاوسەرەکەیانەوە، ٢ ژن لەلایەن براکەیان، ٢ ژن لەلایەن کوڕەکەیان و ٢ ژنیش لەلایەن کەسانی دیکەوە کوژراون.

هەروەها ٤ ژن لە ڕێگای خنکاندن، ٣ ژن بە بەکارهێنانی چەک و یەک ژن بە زەربەی بەرد و خشت کوژراون و ژنێکیش ئاگر لەجەستەی بەردراوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لانی کەم ٦ حاڵەت واتا ٦٦.٥٪ی ئەو ژنانەی کوژراون هۆکاری کوشتنیان بە کێشەی خێزانی ناوبراوە هەروەها هۆکاری کوژرانی یەک کەسی دیکەیان پاراستنی نامووس و دوو حاڵەت بەهۆی دزی زێڕ و پارە بووە.

 

جیاکردنەوەی ژنان بەپێی پارێزگاکان

پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات: ٣ حاڵەت

پارێزگای ئیلام: ٢ حاڵەت

پارێزگای فارس: ٢ حاڵەت

پارێزگای گیلان: ١ حاڵەت

پارێزگای تاران: ١ حاڵەت

ژنکوژی بەرزترین پلەی دژایەتی ژنان لە کۆمەڵگادایە. کوشتنی ژنان بە پاساوی پاراستنی نامووس تەنیا بەشێک لە ژنکوژییەکان لەخۆ دەگرێت. بنەمای سەرەکی ژنکوژی لە کۆمەڵگاکاندا مێژوو، بۆنەکان و یاسا پیاوسالار و دژەژنانەکانە. بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو تەنیا لە ساڵی پێشوودا ١٢٢ ژنکوژی لە ئێران تۆمارکراوە کە بەشێکی زۆر لەو کوشتنانە لەلایەن ئەندامانی بنەماڵە و کەسە نزیکەکانی ئەو ژنانەوە ئەنجامدراوە. یاسا و بیری دژ بە ژنان ڕقێکی قووڵ دژ بە ژنان ئاسایی دەکاتەوە و ئەوە خۆی دەبێتە هۆی ئەوەی کوشتنی ژنان بە شێوەیەکی ئاساییتر و بێ تێچووتر ئەنجام بدرێت.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە