ڕاپۆرتی مانگانەی هەنگاو لەسەر پێشێلکرانی مافەکانی ژنان لە ئێران، سێپتەمبەری ٢٠٢٥

١٦ ڕەزبەر ٢٧٢٥، ٠٩:٢٩

هەنگاو؛ چوارشەممە ١٦ی ڕەزبەری ٢٧٢۵

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی سێپتەمبەری ٢٠٢٥دا لانی کەم ۶ چالاکی ژن دەستبەسەر کراون و ۲ چالاکی ژن لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە. لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ۱۲ حاڵەتی ژنکوژی و ۶ حاڵەتی لەسێدارەدرانی ژنان لە شارە جیاوازەکانی ئێران تۆمار کراوە.

 

جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ژنان لە ئێران

لە ماوەی مانگی سێپتەمبەری ٢٠٢٥دا سزای سێدارەی ۶ ژن لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە. لانی کەم پێنج ژن بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و یەک ژن بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو و ناسنامەیان بەو شێوە بووە؛

١- گەوهەر تاهیری ئەقدەم خەڵکی زەنجان، بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە بەندیخانەی ناوەندیی زەنجان لەسێدارە درا.

٢- زەهرا فتووحی خەڵکی تەورێز، بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە بەندیخانەی ناوەندیی تەورێز لەسێدارە درا.

۳ـ مێهناز دێهقانی خەڵکی شیراز، بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە بەندیخانەی ناوەندیی شیراز لەسێدارە درا.

۴ـ جەیران تاهیری خەڵکی ئیسفەھان، بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیسفەھان لەسێدارە درا.

۵ـ حەدیقە ئابادی خەڵکی ئەفغانستان، بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان لە بەندیخانەی ناوەندیی قەزوین لەسێدارە درا.

۶ـ یەک ژن کە بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی بەدواداچوون دەکرێت، بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە بەندیخانەی ناوەندیی سەبزەوار لەسێدارە درا.


 

دەستبەسەرکرانی ۶ چالاکی ژن لە ماوەی مانگی سێپتەمبەری ٢٠٢٥

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا، لانی کەم ۶ چالاکی ژن لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە ۷٪ی سەرجەم هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراوی ئەو مانگە پێکدێنن.

لانی کەم ۳ ژنی گیلەک و دوو ژنی کورد دەستبەسەر کراون. ناسنامەی ژنانی دەستبەسەرکراو بەو شێوە بووە؛

ڕەشت؛ ۱ـ شادی فەلاحەتی ۲ـ تاهیرە پوور ئیسماعیلی ۳ـ مەعسوومە پوورشەهرانی

سنە: ۴ـ نەهیە ڕەحیمی ۵ـ درەخشان ڕەحیمی

شیراز: ۶ـ مریەم دڵباری

 

سەپاندنی سزای بەندکران بەسەر چالاکانی ژندا

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی سێپتەمبەری ٢٠٢٥دا لانی کەم ۲ چالاکی ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران سەرجەم سزای ۶ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.

ناسنامەی ئەو ژنانەی سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە؛

۱ـ ڕەعنا کورکور خەڵکی ئیزە سزای ۳ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

۲ـ پەریا مەرەندیز خەڵکی تاران سزای ۳ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

دەستبەسەرکران و سزادانی ژنان یەک لە شێوە جێکەوتووەکانی هەڵاواردن لە حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە. لە دوای شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" گوشارەکان لەسەر چالاکانی ژن قەبارەیەکی بەربڵاوتر و سەختتری بەخۆیەوە دیتووە. کۆماری ئیسلامی بەشێوەیەکی ڕێکخراوانە بەردەوام لە کاتی هاتنە سەرکارییەوە هەوڵی داوە تا ئەو جێی بۆی دەکرێت گۆڕەپانی چالاکیی کۆمەڵایەتی، سیاسی و مافی مرۆڤی بۆ ژنان سنووردارتر بکاتەوە. سیاسەتەکانی جیاکردنەوەی سێکسی و ڕەگەزی و هەروەها پەراوێزخستنی زیاتری کۆمەڵگای کەمینە سێکسی و ڕەگەزییەکان لە ڕێگای بە سزاناساندنی ناسنامەیانەوە یەک لە سیاسەتە جددییەکانی ئاپارتایدی ڕەگەزی لە ئێرانە.

 

تۆمارکردنی ۱۲ حاڵەتی ژنکوژی لە ماوەی مانگی سێپتەمبەری ٢٠٢٥

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی سێپتەمبەری ٢٠٢٥ لانی کەم ۱۲ ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران کوژراون کە کوژرانی زۆربەیان بە دەستی کەسانی نزیکی خۆیان وەکوو هاوژینەکەیان ڕوویداوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ۵ ژن لە لایەن هاوژینەکەیان و ۴ ژن لە لایەن باوکیان، ۲ ژن لە لایەن مێردی خوشک، یەک ژن بەدەستی کوڕە پووری، یەک ژن لە لایەن هاوژینی پێشووی و یەک ژن بەدەستی مامی کوژراوە.

لە سەرجەم ئەو ۱۲ حاڵەت ژنکوژییە، هۆکاری کوژرانی لانی کەم ۸ ژن بە کێشەی خێزانی ڕاگەیەندراوە و ۴ ژن بە پاساوی پاراستنی نامووس کوژراون.

 

جیاکردنەوەی ژنکوژییەکان بەپێی پارێزگاکان؛

پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات: ۳ حاڵەت

پارێزگاکانی خووزستان و تاران: هەر یەک ۲ حاڵەت

پارێزگاکانی خوراسانی ڕەزەوی، سنە، گیلان، ئورمیە و فارس: هەر یەک ۱ حاڵەت
 

ژنکوژی بەرزترین ئاستی دژایەتیی ژنان لە کۆمەڵگادایە. کوشتنی ژنان بە پاساوی پاراستنی نامووس تەنیا بەشێک لە ژنکوژییەکان لەخۆ دەگرێت. بنەمای سەرەکیی ژنکوژی لە کۆمەڵگاکاندا مێژوو، بۆنەکان و یاسا پیاوسالار و دژەژنانەکانە. بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو تەنیا لە ساڵی پێشوودا ١۹۱ ژنکوژی لە ئێراندا تۆمارکراوە کە بەشێکی هەرە زۆری ئەو کوشتنانە لە لایەن ئەندامانی بنەماڵە و کەسانی نزیکی ئەو ژنانەوە ئەنجام دراوە. یاسا و بیری دژەژنانە ڕقێکی قووڵ دژ بە ژنان ئاسایی دەکاتەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی کوشتنی ژنان بە شێوەیەکی ئاساییتر و بێ تێچووتر ئەنجام بدرێت.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سیستەمێکی ئاپارتایدی ڕەگەزی دەزانێت کە تێیدا کوشتن و ئازاردانی ڕێکخراوانەی ژنان لە هەندێک قۆناغدا یاسایی کراوەتەوە. پێویستە کۆمەڵگای جیهانی سیستەمی ئاپارتایدی ڕەگەزی لە ڕیزی "تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی"دا هەڵسەنگێنێت و ئەوەش لە پێناسە نێودەوڵەتییەکەیدا دابندرێت و کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر بنەمای یاسا ئاشکرا دژەژنانەکانی و پێکهاتەی چەوساندنەوەی ژنان لە کۆمەڵگای ئێراندا، بخرێتە ڕیزبەندیی ئاپارتایدی ڕەگەزییەوە و لەژێر ئەو چەمکەدا بە تاوانبار بناسرێت.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە