ڕاپۆرتی مانگانەی هەنگاو لەسەر پێشێلکرانی مافەکانی ژنان لە ئێران، مەی ٢٠٢٥

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١۵ی جۆزەردانی ٢٧٢۵
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی مەی ٢٠٢٥دا لانی کەم ۹ چالاکی ژن دەستبەسەر کراون و ۷ چالاکی ژنیش لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە. لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ۲۳ حاڵەتی ژنکوژی و ۵ حاڵەتی لەسێدارەدرانی ژنان لە شارە جیاوازەکانی ئێران تۆمار کراوە.
جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ژنان لە ئێران
لە ماوەی مانگی مەی ٢٠٢٥دا سزای سێدارەی لانی کەم ۵ ژن لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە کە دوو کەسیان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و سێ کەس بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو و ناوەکانیان بەو شێوە بووە؛
١- ساغەر (ناوبانگ نادیار) خەڵکی کەماڵ شاری کەرەج بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە بەندیخانەی قزڵحیسار لەسێدارە درا.
٢- مەرزیە ئیسماعیلی خەڵکی ئەبهەر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لە بەندیخانەی ناوەندیی قەزوین لەسێدارە درا.
٣- حبووبە خەسرەونژاد خەڵکی گورگان، بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە بەندیخانەی ناوەندیی گورگان لەسێدارە درا.
۴- مەهتاب ئەمیری خەڵکی شیراز، بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە بەندیخانەی ناوەندیی شیراز لەسێدارە درا.
۵ـ ستارە تاهیرلوو خەڵکی دامغان، بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لە بەندیخانەی ناوەندیی دامغان لەسێدارە درا.
دەستبەسەرکرانی ۹ چالاکی ژن لە ماوەی مانگی مەی ٢٠٢٥
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا، لانی کەم ۹ چالاکی ژن لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە ۷٪ی سەرجەم هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراوی ئەو مانگە پێکدێنن.
لانی کەم ۵ ژنی دەستبەسەرکراو لە چالاکانی ژنی کورد و سێ ژن لە چالاکانی بەهایی بوون ناوەکانیان بەو شێوەیە؛
تاران؛ ۱ـ شەیدا ڕووحانی ۲ـ شیلا تەوەکۆلی ۳ـ شیدە تەوەکۆلی
ئورمیە؛ ۴ـ ڕەعنا خۆران ۵ـ ڕۆژان خۆران
کرماشان؛ ۶ـ مەهسا زارعی
بۆکان؛ ۷ـ بەفرین مەعڕووفی
بانە؛ ۸ـ فەرزانە ڕەشیدی
ئیسفەهان؛ ۹- فەهیمە سوڵتانی
سەپاندنی سزای بەندکران بەسەر چالاکانی ژندا
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی مەی ٢٠٢٥دا لانی کەم ۷ چالاکی ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران سەرجەم سزای ۲۹ ساڵ و ۴ مانگ و ۴ ڕۆژ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە. لانی کەم ۴ ژنی بەهایی، ۱ ژنی کورد و ۱ ژنی گیلەک لە نێوان ئەو ژنانەدا بوون کە لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.
ناسنامەی ئەو ژنانەی سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە بەو شێوەیە؛
۱ـ مرێم کەریمی خەڵکی ڕەشت سزای ۲ ساڵ و ۷ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
۲- دیدار ئەحمەدی خەڵکی ڕەفسەنجان سزای ۴ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
۳ـ ئێلێنا نەعیمی خەڵکی ڕەفسەنجان سزای ۴ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
٤- بۆشرا مستەفەوی خەڵکی ڕەفسەنجان سزای ۴ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
۵- بەفرین مەعڕووفی خەڵکی بۆکان سزای ۴ مانگ و ۴ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
۶- ڕۆیا سابت خەڵکی شیراز سزای ۲۵ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
۷- مەهشید گەوهەری خەڵکی مەشهەد سزای ۹ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
دەستبەسەرکران و سزادانی ژنان یەک لە شێوە جێکەوتووەکانی هەڵاواردن لە حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە. لە دوای شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" گوشارەکان لەسەر چالاکانی ژن قەبارەیەکی بەربڵاوتر و سەختتری بەخۆیەوە دیتووە. کۆماری ئیسلامی بەشێوەیەکی ڕێکخراوانە بەردەوام لە کاتی هاتنە سەرکارییەوە هەوڵی داوە تا ئەو جێی بۆی دەکرێت گۆڕەپانی چالاکیی کۆمەڵایەتی، سیاسی و مافی مرۆڤی بۆ ژنان سنووردارتر بکاتەوە. سیاسەتەکانی جیاکردنەوەی سێکسی و ڕەگەزی و هەروەها پەراوێزخستنی زیاتری کۆمەڵگای کەمینە سێکسی و ڕەگەزییەکان لە ڕێگای بە سزاناساندنی ناسنامەیانەوە یەکێک لە سیاسەتە جددییەکانی ئاپارتایدی ڕەگەزی لە ئێراندایە.
تۆمارکردنی ۲۳ حاڵەتی ژنکوژی لە ماوەی مانگی مەی ٢٠٢٥
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی مەی ٢٠٢٥ لانی کەم ۲۳ ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران کوژراون کە کوژرانی زۆربەیان بە دەستی کەسانی نزیکی خۆیان وەکوو هاوژینەکەیانەوە ڕوویداوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ۱۵ ژن لە لایەن هاوژینەکەیان و ۵ ژن لە لایەن خزمەکانیانەوە کوژراون و زانیارییەکی ورد لەسەر بکوژی سێ ژن لەبەر دەستدا نییە.
لە سەرجەم ئەو ۲۳ حاڵەت ژنکوژییە، لانی کەم ۳ حاڵەت بە پاساوی پاراستنی نامووس و شەرەف کوژراون. هەروەها لانی کەم ۱۰ حاڵەتی ژنکوژی بەهۆی کێشەی خێزانییەوە ڕاگەیێندراون. ۵ ژن بە هۆی داوای جودابوونەوە، ۱ ژن بەهۆی ڕەتکردنەوەی داوای هاوسەرگیری و ۱ ژن بەهۆی دزی کوژراون و زانیارییەک لەسەر هۆکاری کوژرانی دوو ژن لەبەر دەستدا نییە.
جیاکردنەوەی ژنکوژییەکان بەپێی پارێزگاکان؛
پارێزگای کرماشان: ۵ حاڵەت
پارێزگاکانی تاران و خوراسانی ڕەزەوی: هەر یەک ۴ حاڵەت
پارێزگای فارس: ۳ حاڵەت
پارێزگای سمنان: ۲ حاڵەت
پارێزگاکانی گوڵستان، مازەندەران، کرمان، ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات و ئورمیە: هەر یەک ۱ حاڵەت
ژنکوژی بەرزترین ئاستی دژایەتیی ژنان لە کۆمەڵگادایە. کوشتنی ژنان بە پاساوی پاراستنی نامووس تەنیا بەشێک لە ژنکوژییەکان لەخۆ دەگرێت. بنەمای سەرەکیی ژنکوژی لە کۆمەڵگاکاندا مێژوو، بۆنەکان و یاسا پیاوسالار و دژەژنانەکانە. بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو تەنیا لە ساڵی پێشوودا ١۹۱ ژنکوژی لە ئێراندا تۆمارکراوە کە بەشێکی هەرە زۆری ئەو کوشتنانە لەلایەن ئەندامانی بنەماڵە و کەسانی نزیکی ئەو ژنانەوە ئەنجام دراون. یاسا و بیری دژەژنانە ڕقێکی قووڵ دژ بە ژنان ئاسایی دەکاتەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی کوشتنی ژنان بە شێوەیەکی ئاساییتر و بێ تێچووتر ئەنجام بدرێت.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سیستەمێکی ئاپارتایدی ڕەگەزی دەزانێت کە تێیدا کوشتن و ئازاردانی ڕێکخراوانەی ژنان لە هەندێک قۆناغدا یاسایی کراوەتەوە. پێویستە کۆمەڵگای جیهانی سیستەمی ئاپارتایدی ڕەگەزی لە ڕیزی "تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی"دا هەڵسەنگێنێت و ئەوەش لە پێناسە نێودەوڵەتییەکەیدا دابندرێت و کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر بنەمای یاسا ئاشکرا دژەژنانەکانی و پێکهاتەی چەوساندنەوەی ژنان لە کۆمەڵگای ئێراندا، بخرێتە ڕیزبەندی ئاپارتایدی ڕەگەزییەوە و لەژێر ئەو چەمکەدا بە تاوانباری بناسرێت.