ڕاپۆرتی مانگانەی هەنگاو لەسەر پێشێلکرانی مافەکانی ژنان لە ئێران، ئاگۆستی ٢٠٢٥

١٤ خەرمانان ٢٧٢٥، ٢٢:٠٥

هەنگاو؛ هەینی ١۴ی خەرمانانی ٢٧٢۵

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٥دا لانی کەم ۷ چالاکی ژن دەستبەسەر کراون و ۵ چالاکی ژنیش لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە. لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ۱۷ حاڵەتی ژنکوژی و ۵ حاڵەتی لەسێدارەدرانی ژنان لە شارە جیاوازەکانی ئێران تۆمار کراوە.

جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ژنان لە ئێران

لە ماوەی مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٥دا سزای سێدارەی لانی کەم ۵ ژن لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە کە یەک کەسیان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و چوار کەس بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو و ناسنامەیان بەو شێوە بووە؛

١- سوودابە قاسمزادە خەڵکی ئیسفەهان بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیسفەهان لەسێدارە درا.

٢- مەهسا ئەکبەری خەڵکی شیراز بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە بەندیخانەی ناوەندیی شیراز لەسێدارە درا.

۳ـ بانوو موقەدەم خەڵکی ئەبهەر، بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەبهەر لەسێدارە درا.

۴ـ مەلیحە حەقی خەڵکی تەورێز، بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە بەندیخانەی ناوەندیی تەورێز لەسێدارە درا.

۵ـ میترا یاسەمەنی خەڵکی ئیلام، بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان لە بەندیخانەی ناوەندیی شیراز لەسێدارە درا.

دەستبەسەرکرانی ۷ چالاکی ژن لە ماوەی مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٥

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا، لانی کەم ۷ چالاکی ژن لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە ۸.۵٪ی سەرجەم هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراوی ئەو مانگە پێکدێنن.

ناسنامەی ژنانی دەستبەسەرکراو بەو شێوە بووە؛

تاران؛ ۱ـ ئێلهام ساڵحی ۲ـ فاتمە زیایی ۳ـ مەرجان ئەردەشیرزادە

بەندەرئەنزەلی: ۴ـ سەحەر سوڵتانی

مەریوان: ۵ـ ژینۆ کەریمی

سەبزەوار: ۶ـ تاهیرە کەلاتە سەیفەری

ڕەشت: ۷ـ شەهرزاد شەربیانی

سەپاندنی سزای بەندکران بەسەر چالاکانی ژندا

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٥دا لانی کەم ۵ چالاکی ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران سەرجەم سزای ۷ ساڵ و ۹ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە. لانی کەم سێ چالاکی ژنی گیلەک لەنێوان ئەو ژنانەدا بوون کە لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.

ناسنامەی ئەو ژنانەی سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە؛

۱ـ هەستی ئەمیری خەڵکی تاران سزای ۳ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

۲ـ نینا گوڵستانی خەڵکی ڕەشت سزای ۱ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

۳ـ ڕۆزیتا ڕەجایی خەڵکی ڕەشت سزای ۱ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

۴ـ مۆتەهەرە گوونەیی خەڵکی تاران سزای ۱ ساڵ و ۹ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

۵ـ تینا دڵجوو خەڵکی ڕەشت سزای ۱ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

دەستبەسەرکران و سزادانی ژنان یەک لە شێوە جێکەوتووەکانی هەڵاواردن لە حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە. لە دوای شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" گوشارەکان لەسەر چالاکانی ژن قەبارەیەکی بەربڵاوتر و سەختتری بەخۆیەوە دیتووە. کۆماری ئیسلامی بەشێوەیەکی ڕێکخراوانە بەردەوام لە کاتی هاتنە سەرکارییەوە هەوڵی داوە تا ئەو جێی بۆی دەکرێت گۆڕەپانی چالاکیی کۆمەڵایەتی، سیاسی و مافی مرۆڤی بۆ ژنان سنووردارتر بکاتەوە. سیاسەتەکانی جیاکردنەوەی سێکسی و ڕەگەزی و هەروەها پەراوێزخستنی زیاتری کۆمەڵگای کەمینە سێکسی و ڕەگەزییەکان لە ڕێگای بە سزاناساندنی ناسنامەیانەوە یەک لە سیاسەتە جددییەکانی ئاپارتایدی ڕەگەزی لە ئێرانە.

تۆمارکردنی ۱۷ حاڵەتی ژنکوژی لە ماوەی مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٥

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٥ لانی کەم ۱۷ ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران کوژراون کە کوژرانی زۆربەیان بە دەستی کەسانی نزیکی خۆیان وەکوو هاوژینەکەیانەوە ڕوویداوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ۶ ژن لە لایەن هاوژینەکەیان و ۲ ژن لە لایەن باوکیان، ۲ ژن لە لایەن مێردی خوشک، یەک ژن بەدەستی کوڕە پووری، یەک ژن لە لایەن مێردی پووری و یەک ژنیش لە لایەن خوازبێنەکەیەوە کوژراوە و زانیارییەکی ورد لەسەر بکوژی چوار ژن لەبەر دەستدا نییە.

لە سەرجەم ئەو ۱۷ حاڵەت ژنکوژییە، هۆکاری کوژرانی لانی کەم ۱۰ ژن بە کێشەی خێزانی ڕاگەیێندراوە. یەک ژن بەهۆی ڕەتکردنەوەی داوای هاوسەرگیری و ۳ ژن بەهۆی دزییەوە کوژراون و تا ئێستا زانیارییەک لەسەر هۆکاری کوژرانی ۳ ژنی دیکە لەبەر دەستدا نییە.

جیاکردنەوەی ژنکوژییەکان بەپێی پارێزگاکان؛

پارێزگاکانی مازەندەران: ۹ حاڵەت

پارێزگای تاران: ۳ حاڵەت

پارێزگاکانی خوراسانی ڕەزەوی و لوڕستان: هەر یەک ۲ حاڵەت

پارێزگای سیستان و بەلووچستان: ۱ حاڵەت

ژنکوژی بەرزترین ئاستی دژایەتیی ژنان لە کۆمەڵگادایە. کوشتنی ژنان بە پاساوی پاراستنی نامووس تەنیا بەشێک لە ژنکوژییەکان لەخۆ دەگرێت. بنەمای سەرەکیی ژنکوژی لە کۆمەڵگاکاندا مێژوو، بۆنەکان و یاسا پیاوسالار و دژەژنانەکانە. بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو تەنیا لە ساڵی پێشوودا ١۹۱ ژنکوژی لە ئێراندا تۆمارکراوە کە بەشێکی هەرە زۆری ئەو کوشتنانە لە لایەن ئەندامانی بنەماڵە و کەسانی نزیکی ئەو ژنانەوە ئەنجام دراوە. یاسا و بیری دژەژنانە ڕقێکی قووڵ دژ بە ژنان ئاسایی دەکاتەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی کوشتنی ژنان بە شێوەیەکی ئاساییتر و بێ تێچووتر ئەنجام بدرێت.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سیستەمێکی ئاپارتایدی ڕەگەزی دەزانێت کە تێیدا کوشتن و ئازاردانی ڕێکخراوانەی ژنان لە هەندێک قۆناغدا یاسایی کراوەتەوە. پێویستە کۆمەڵگای جیهانی سیستەمی ئاپارتایدی ڕەگەزی لە ڕیزی "تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی"دا هەڵسەنگێنێت و ئەوەش لە پێناسە نێودەوڵەتییەکەیدا دابندرێت و کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر بنەمای یاسا ئاشکرا دژەژنانەکانی و پێکهاتەی چەوساندنەوەی ژنان لە کۆمەڵگای ئێراندا، بخرێتە ڕیزبەندیی ئاپارتایدی ڕەگەزییەوە و لەژێر ئەو چەمکەدا بە تاوانبار بناسرێت.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە