ڕاپۆرتی مانگانەی هەنگاو لەسەر پێشێلکرانی مافەکانی ژنان لە ئێران، ئەپریلی ٢٠٢٥

هەنگاو؛ دووشەممە ١۵ی بانەمەڕی ٢٧٢۵
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئەپریلی ٢٠٢٥دا لانی کەم ۸ چالاکی ژن دەستبەسەر کراون و ۸ چالاکی ژنیش لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە. لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ۳۱ حاڵەتی ژنکوژی و ۴ حاڵەتی لەسێدارەدرانی ژنان لە شارە جیاوازەکانی ئێران تۆمار کراوە.
جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ژنان لە ئێران
لە ماوەی مانگی ئەپریلی ٢٠٢٥دا سزای سێدارەی لانی کەم ۴ ژن لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە کە یەک کەسیان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و سێ کەس بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو و ناوەکانیان بەو شێوەیە؛
١- مەهناز کاکایی خەڵکی ئیسفەهان بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیسفەهان لەسێدارە درا.
٢- مەرجان سەبزی خەڵکی خوڕەمئاوا بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیسفەهان لەسێدارە درا.
٣- بەندکراوێک بە ناسنامەی نادیار، بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لە بەندیخانەی ناوەندیی مەشهەد لەسێدارە درا.
۴- بەندکراوێک بە ناسنامەی نادیار، بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لە بەندیخانەی ناوەندیی مەشهەد لەسێدارە درا.
دەستبەسەرکرانی ۸ ژن لە ماوەی مانگی ئەپریلی ٢٠٢٥
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا، لانی کەم ۸ چالاکی ژن لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە ۱۰٪ی سەرجەم هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراوی ئەو مانگە پێکدێنن.
لانی کەم ۴ ژنی دەستبەسەرکراو دانیشتووی تاران بوون و ناوەکانیان بەو شێوەیە؛
تاران؛ ۱ـ ژیلا زەهتاب موقەدەم ۲ـ ئازەر زەنگولی ۳ـ لیدا ئالێکسانی ۴ـ سومەیە ڕەشیدی
مەشهەد؛ ٥ـ فەریدە مورادی ٦ـ گۆلنووش نەسیری
سنە؛ ٧ـ سروە پوورمحەممەدی
توربەت حەیدەریە؛ ٨- ڕەیحانە دارات
سەپاندنی سزای بەندکران بەسەر چالاکانی ژندا
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئەپریلی ٢٠٢٥دا لانی کەم ۸ چالاکی ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران سەرجەم سزای ١۹ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.
ناسنامەی ئەو ژنانەی سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە بەو شێوەیە؛
۱ـ ویدا محەممەدی خەڵکی تاران سزای ۴ ساڵ و ۸ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
۲- مرێم موقەدەم خەڵکی تاران سزای ۲ ساڵ و ۲ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
۳ـ شۆهرە قەمەر خەڵکی بیجاڕ سزای ۴ ساڵ و ۸ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
٤- مینوو رووزەدار خەڵکی تاران سزای ۱ ساڵ و ۲ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
۵- مرێم زەبیحی خەڵکی قائێمشەهر سزای ۱۰ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
۶- مەنسوورە عێرفانیان خەڵکی مەشهەد سزای ۳ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
۷- گلارە عەباسی خەڵکی تاران سزای ۴ ساڵ و ۳ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
۸- ژیلا زەهتاب موقەدەم خەڵکی تاران سزای ۱ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
دەستبەسەرکران و سزادانی ژنان یەک لە شێوە جێکەوتووەکانی هەڵاواردن لە حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە. لە دوای شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" گوشارەکان لەسەر چالاکانی ژن قەبارەیەکی بەربڵاوتر و سەختتری بەخۆیەوە دیتووە. کۆماری ئیسلامی بەشێوەیەکی ڕێکخراوانە بەردەوام لە کاتی هاتنە سەرکارییەوە هەوڵی داوە تا ئەو جێی بۆی دەکرێت گۆڕەپانی چالاکیی کۆمەڵایەتی، سیاسی و مافی مرۆڤی بۆ ژنان سنووردارتر بکاتەوە. سیاسەتەکانی جیاکردنەوەی سێکسی و ڕەگەزی و هەروەها پەراوێزخستنی زیاتری کۆمەڵگای کەمینە سێکسی و ڕەگەزییەکان لە ڕێگای بە سزاناساندنی ناسنامەیانەوە یەکێک لە سیاسەتە جددییەکانی ئاپارتایدی ڕەگەزی لە ئێراندایە.
تۆمارکردنی ۳۱ حاڵەتی ژنکوژی لە ماوەی مانگی ئەپریلی ٢٠٢٥
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئەپریلی ٢٠٢٥ لانی کەم ۳۱ ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران کوژراون کە کوژرانی زۆربەیان بە دەستی کەسانی نزیکی خۆیان وەکوو هاوژینەکەیانەوە ڕوویداوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ۱۵ ژن لە لایەن هاوژینەکەیان، ۵ ژن لە لایەن باوک و ۸ ژن لە لایەن کەسانی نزیکی خۆیان وەکوو برا، زاوا و خوازبێنەکەیانەوە کوژراون و زانیارییەکی ورد لەسەر بکوژی سێ ژن لەبەر دەستدا نییە.
لە سەرجەم ئەو ۳۱ حاڵەت ژنکوژییە، لانی کەم ۴ حاڵەت بە پاساوی پاراستنی نامووس و شەرەف کوژراون. هەروەها لانی کەم ۱۹ حاڵەتی ژنکوژی بەهۆی کێشەی خێزانی ڕاگەیێندراون. ۵ ژن بە هۆکاری وەکوو منداڵ نەبوون (۲ حاڵەت)، ڕەتکردنەوەی داوای هاوسەرگیری، داوای جودابوونەوە و دزی کوژراون و زانیارییەک لەسەر هۆکاری کوژرانی سێ ژن لەبەر دەستدا نییە.
جیاکردنەوەی ژنکوژییەکان بەپێی پارێزگاکان؛
پارێزگای تاران: ۵ حاڵەت
پارێزگای کرماشان: ۴ حاڵەت
پارێزگای مازەندەران: ۳ حاڵەت
پارێزگاکانی گیلان، فارس و چوارمەحاڵ و بەختیاری: هەر یەک ۲ حاڵەت
پارێزگاکانی هۆرمۆزگان، مەرکەزی، کۆهگیلوویە و بویێرئەحمەد، کرمان، زەنجان، خوراسانی باشوور، خوراسانی باکوور، خووزستان، ئیلام، ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، ئورمیە، ئەردەبیل و ئەلبۆرز: هەر یەک ۱ حاڵەت
ژنکوژی بەرزترین ئاستی دژایەتیی ژنان لە کۆمەڵگادایە. کوشتنی ژنان بە پاساوی پاراستنی نامووس تەنیا بەشێک لە ژنکوژییەکان لەخۆ دەگرێت. بنەمای سەرەکیی ژنکوژی لە کۆمەڵگاکاندا مێژوو، بۆنەکان و یاسا پیاوسالار و دژەژنانەکانە. بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو تەنیا لە ساڵی پێشوودا ١۹۱ ژنکوژی لە ئێراندا تۆمارکراوە کە بەشێکی هەرە زۆری ئەو کوشتنانە لەلایەن ئەندامانی بنەماڵە و کەسانی نزیکی ئەو ژنانەوە ئەنجام دراون. یاسا و بیری دژەژنانە ڕقێکی قووڵ دژ بە ژنان ئاسایی دەکاتەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی کوشتنی ژنان بە شێوەیەکی ئاساییتر و بێ تێچووتر ئەنجام بدرێت.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سیستەمێکی ئاپارتایدی ڕەگەزی دەزانێت کە تێیدا کوشتن و ئازاردانی ڕێکخراوانەی ژنان لە هەندێک قۆناغدا یاسایی کراوەتەوە. پێویستە کۆمەڵگای جیهانی سیستەمی ئاپارتایدی ڕەگەزی لە ڕیزی "تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی"دا هەڵسەنگێنێت و ئەوەش لە پێناسە نێودەوڵەتییەکەیدا دابندرێت و کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر بنەمای یاسا ئاشکرا دژەژنانەکانی و پێکهاتەی چەوساندنەوەی ژنان لە کۆمەڵگای ئێراندا، بخرێتە ڕیزبەندی ئاپارتایدی ڕەگەزییەوە و لەژێر ئەو چەمکەدا بە تاوانباری بناسرێت.