ناجێگیربوونی تەندروستیی موتەلیب ئەحمەدیان، بەندکراوی سیاسی و بێبەریکردنی لە پێڕاگەیشتنی پزیشکی

موتەلیب ئەحمەدیان، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شاری بانە کە ماوەی ٤٨٧٢ ڕۆژە لە بەیدنخانەیە، سەرەڕای تووشبوون بە چەند نەخۆشییەکی دژوار، تاکوو ئێستاش لەلایە.

١٧ ڕێبەندان ٢٧٢٣، ٢٢:٤٤

 

هەنگاو: سێشەممە، ١٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣

موتەلیب ئەحمەدیان، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شاری بانە کە ماوەی ٤٨٧٢ ڕۆژە لە بەیدنخانەیە، سەرەڕای تووشبوون بە چەند نەخۆشییەکی دژوار، تاکوو ئێستاش لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەوە لە مافی چارەسەریی پزیشکی و دەسپێڕاگەیشتن بە دەرمانەکانی بێبەری و بێبەش کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ موتەلیب ئەحمەدیان، بەندکراوی سیاسیی تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی شاری بانە لە بەندیخانەی ئێڤین، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا تووشی چەند نەخۆشییەک وەک "فتقی دیافراگم"، "تەسکبوونەوەی لوولەی بڕبڕەی پشت" و "هەوکردنی لوولەی میز" بووە و هەنووکەش لە مافی چارەسەریی پزیشکی و دەستپێڕاگەیشتن بە دەرمانەکانی بێبەری و بێبەش بووە.

بەهۆی نەخۆشییەکانی ئەو بەندکراوە سیاسییە بەتەواوەتی چارەسەر نەکراون کە ئەمەش بووەتە هۆکاری پەرەگرتنی زیاتری نەخۆشی و ئازارەکانی و هەروەها کاریگەرییە نەرێنی و زیانەکانی لەسەر تەندروستیی جەستەیی و دەروونیی ناوبراو بەردەوام ڕووی لە زیادبوونە.

شایانی باسە کە موتەلیب ئەحمەدیان لە مانگی سەرماوەزی ٢٧٢٢، بۆ قۆناغی یەکەمی نەشتەرگەریی سێ قۆناغیی کۆئەندامی "حەوێنجی"ی، ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا و ڕۆژێک دوای نەشتەرگەرییەکەی، بەبێ تەواوکردنی ڕەوتی دەرمانی و چارەسەریی پزیشکی، گەڕێندرایەوە بۆ بەندیخانە.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی دووشەممە ٩ی ڕێبەندان، هاوکات لەگەڵ جێبەجێکردنی سزای چوار بەندکراوی سیاسیی کورد بە ناوەکانی موحسین مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی، وەفا ئازەبار و پژمان فاتیحی، دەستی بە مانگرتن لە خواردن کرد و دواتر بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە، ڕۆژی ١٠ی ڕێبەندان کۆتاییی بە مانگرتنەکەی هێنا.

شایانی باسە کە پێشتر پارێزەری موتەلیب ئەحمەدیان ئاماژەی بە تەشەنەسەندنی نەخۆشییەکانی ئەو بەندکراوە سیاسییە کردووە و داوای ڕاگرتنی درێژەی ماوەی سزای بەندکرانەکەی ناوبراوی کردووە، کە دواجار بەهۆی دەستتێوەردانی وەزارەتی ئیتلاعات لە بڕیاردانی کۆمیسیۆنی پزیشکی، ئەو داوایە ڕەت کراوەتەوە.

موتەلیب ئەحمەدیان پاش ٢٣٠ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسی کە هاوکات بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجە کراوە، بە تۆمەتی "موحاڕبە لە ڕێگەی ئەندامەتی کۆمەڵە" سزای ٣٠ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.

لە دوو دۆسیەی دیکەدا بە تۆمەتی "بەزاندنی نایاساییی سنوورەکانی ئێران" سزای بڕی ١ ملیۆن ڕیاڵ پێ بژاردن و ساڵێک بەندکردن و هەروەها بە تۆمەتی "هاودەستبوون لە کوشتن" سزای ٩ ساڵ بەندکردن و پێبژاردنی نیوەی تەواوی خوێنبایی (دیە) و بڕی ٢٠ ملیۆن تمەنی ئێرانیی بەسەردا سەپاوە.

دەبێت ئاماژە بەوەش بکرێت کە ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ١٣ی ڕەزبەری ساڵی ٢٧٠٩ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و ئێستا لە بەندی چوارەی بەندیخانەی ئێڤین لە دۆخێکی نالەباری جەستەیی و دەروونیی زۆر دژاوردا سزای ٣٠ ساڵەی بەندکردنەکەی تێپەڕ دەکات.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە