بەندیخانەی ئیلام؛ کورش گەڕاوەند بەندکراوی سیاسی خەڵکی سەراوڵە مانی لە خواردن گرت

کورش گەڕاوەند بەندکراوی سیاسی خەڵکی سەراوڵە کە لە بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی دەستبەسەر کرابوو و دواتر سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا، جاری دیکە دەس

١٩ ڕێبەندان ٢٧٢٣، ١١:٥٦

 

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣

کورش گەڕاوەند بەندکراوی سیاسی خەڵکی سەراوڵە کە لە بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی دەستبەسەر کرابوو و دواتر سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا، جاری دیکە دەستبەسەر و لە بەندیخانەی ناوەندی ئیلام مانی لە خواردن گرتووە

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کورش گەڕاوەند هاووڵاتی خەڵکی شاری سەراوڵە کە ڕۆژی ١٥ی بەفرانباری ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە باروودۆخی خۆی و ناڕوونی دۆسیەکەی لە ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی ڕێبەندان (٧ی فێبریوەری ٢٠٢٤) لە بەندیخانەی ناوەندی ئیلام مانی لە خواردن گرتووە.

کورش گەڕاوەند تەمەن ٢٠ ساڵ، ڕۆژی هەینی ١٥ی ٢٧٢٣ (٥ی جەنیوەری ٢٠٢٤) لە دوای هێرش هێزەکانی ئیتلاعات بۆ ماڵیان لە شاری سەراوڵە دەستبەسەر کرابوو. هەواڵی دەستبەسەرکرانی دووبارەی ناوبراو تا ئێستا میدیایی نەکراوەتەوە. کورش لەلایەن دەزگای دادوەری تۆمەتی بێڕێزی بە پیرۆزییە ئایینییەکانی دراوەتە پاڵ.

شایانی باسە کە کورش گەڕاوەند ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٢٤ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢) لە ڕەوتی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لەلایەن هێزە ئەمنییەکان لە شاری سەراوڵە دەستبەسەر و دوای ١٥ ڕۆژ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

ئەم گەنجە دواتر لەلایەن دادگای شۆڕشی سەراوڵە بە دادوەریی دادوەر ئومێدی و بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» سزای ٧ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە