سەفا عائیلی، خاڵۆی ژینا ئەمینی سزای ٥ ساڵ و ٤ مانگ و ١٧ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

سەفا عائیلی، خاڵۆی ژینا ئەمینی کە لە ڕۆژانی نزیک لە ساڵیادی کوژرانی ژینا، لە شاری سەقز و لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکان

٢٢ ڕێبەندان ٢٧٢٣، ١٢:٣٧

 

هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣

سەفا عائیلی، خاڵۆی ژینا ئەمینی کە لە ڕۆژانی نزیک لە ساڵیادی کوژرانی ژینا، لە شاری سەقز و لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سەرجەم سزای ٥ ساڵ و ٤ مانگ و ١٧ ڕۆژ بەندکران و هەندێک سزای دیکەی وەکوو قەدەغەکردنی چوونە دەرەوە لە ئێران و نووسین سەبارەت بەو هێزە حکومییانەی کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادیدا کوژراون بەسەریدا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەڕۆژانی ڕابردوودا سەفا عائیلی تەمەن ٣٠ ساڵ، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری سەقز بە سەرۆکایەتی دادوەر جەواد مستەفایی بە تۆمەتی "بەشداریکردن لە پێکهێنانی باند و گرووپ دژ بە ئاسایشی نیشتمانی" سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکران، بە تۆمەتی "چالاکی تەبلیغی دژ بە حکومەت" سزای ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکران و بە تۆمەتی "بێڕێزیکردن کردن بە خامنەیی" سزای ١٥ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکران و سەرجەم سزای ٥ ساڵ و ٤ مانگ و ١٧ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ئەو بەڵگانەی بەدەستی هەنگاو گەیشتوون، قورسترین سزا واتە سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ و ١ ڕۆژ بە هەژمارکردنی ڕۆژانی پێشووی دەستبەسەرکرانی جێبەجێ دەکرێت و ناوبراو بۆ ماوەی دوو ساڵ لە چوونە دەرەوە لە ئێران بێبەریکراوە.

بەپێی ئەو سزا و بەپشتبەستن بە ماددەی ٧ی یاسای سزای بەندکرانی ساڵی ٢٧٢٠، یەک لە سێی قورسترین سزا بۆ ماوەی سێ ساڵی هەڵپەسێندراوە. بەڵام ئەو فەرمانە بەستراوە بە هەڵسوکەوت نەکردنی ناوبراو لەگەڵ دەستبەسەرکراوانی ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی لە سەقز و ناساندنی مانگانەی خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعات و هەروەها تێپەڕکردنی سێ خولی پەروەردە، ئەخلاق و ئایینی.

لە بەشێکی دیکە لەو سزایە، سەفا عائیلی بە نووسینی ژیاننامەی یەکێک لە هێزە سەرکوتکەرەکانی حکومەت کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادیدا کوژراوە و هەڵگرتنەوەی تاکەکەسی خۆی لە کتێبی مەعنونە (ژیاننامەی نووسراوە) و پێشکەشکردنی بەشێوەی وتار بە جێبەجێکاری سزاکان و بڵاوکردنەوەی دەنگی لە یەکێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە بەناوبانگەکانی شاری سەقز سزا دراوە.

سەفا عائیلی ڕۆژی سێشەممە ١٤ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (٥ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣)، لە ڕەوتی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەی و لەگەڵ بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەرکرا و لە ئاکامدا ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی ڕەزبەر (١٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) دوای تێپەڕکردنی ٤٢ ڕۆژ دەستبەسەرکران و بەدانانی بارمتەی یەک ملیار و دووسەد ملیۆن تمەنی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگایی کردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندی سنە ئازادکرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە