داخستنی هەژماری بانکیی کەسبکارانی بۆکان دوای مانگرتن بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە سزای سێدارە

ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران لە دوو حەفتەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرنامەداڕێژراو گوشاریان خستووەتە سەر کاسبکارانی شارە جیاجیاکانی کوردستان بەهۆی بەشدار

٢٥ ڕێبەندان ٢٧٢٣، ١١:٠٠

 

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣

ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران لە دوو حەفتەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرنامەداڕێژراو گوشاریان خستووەتە سەر کاسبکارانی شارە جیاجیاکانی کوردستان بەهۆی بەشدارییان لە مانگرتنی ناڕەزایەتیی ئەم دوایییانە لە دژی جێبەجێکردنی سزای چوار بەندکراوی سیاسی کورد و لەم پەیوەندییەشدا هەژماری بانکییبەشێکی بەرچاو لە کاسبکارانی شاری بۆکان داخراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە فەرمانی ڕاستەوخۆی بەرپرسی بەڕێوەبەریی پیشەسازی و کانگە و بازرگانیی شاری بۆکان، هەژماری بانکیی زۆرێک لە کاسبکارانی ئەو شارە بەهۆی بەشداریکردنیان لە مانگرتنی گشتی ئەم مانگە، داخراوە.

بەپێی ئەو بەڵگە و زانیارییانەی بە هەنگاو گەیشتوون، بانکە جیاوازەکانی ئەو شارە وەک "ڕفا" و "میللەت" بە فەرمانی بەڕێوەبەریی پیشەسازی و کانگە و بازرگانی (سمت) هەژماری بانکیی کاسبکارانی ئەم شارەیان داخستووە.

پێشتر هەنگاو داخستنی هەژمارە بانکییەکانی کاسبکارانی شارەکانی سەقز و مەهابادی ڕاگەیاندبوو.

شایانی باسە کە ڕۆژی سێشەممە، ١٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣ (٣٠ی جەنیوەریی ٢٠٢٤)، بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەسەر جێبەجێکردنی سزای سێدارەی چوار بەندکراوی سیاسیی کورد بە ناوەکانی موحسین مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی، وەفا ئازەربەر و پێژمان فاتیحی، هەروەها زۆربوونی ئاماری لەسێدارەدانی هاووڵاتییانی کوردستان، هاووڵاتییان لە شارە جیاوزەکانی کوردستان مانگرتنی گشتییان بەڕێوە برد.

ئەم مانگرتنە بە بانگەوازی هاوبەشی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هەنگاو و ٦ ڕێکخراوی دیکەی مافی مرۆڤی چالاک لە کوردستان و هەروەها پاڵپشتی و بانگەوازی جیاجیای کۆمەڵێک حیزب و ڕەوتی سیاسیی کوردستان ڕێک خرا و بەڕێوە چوو


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە