جوانڕۆ؛ دەستبەسەرکرانی محەممەد یووسفی تەمەن ١٧ ساڵ

محەممەد یووسفی، منداڵی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی جوانڕۆ، لە ٩ ڕۆژ پێشەوە بە هۆی ئەوەیکە"دەربڕینی دڵخۆشی دوای دۆڕاندنی تیمی هەڵبژاردەی تۆ

٢٦ ڕێبەندان ٢٧٢٣، ١٣:٢٦

 

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٦ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣

محەممەد یووسفی، منداڵی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی جوانڕۆ، لە ٩ ڕۆژ پێشەوە بە هۆی ئەوەیکە"دەربڕینی دڵخۆشی دوای دۆڕاندنی تیمی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران" ناو بردراوە، دەستبەسەرکراوە و هەتا ئێستاش زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣ (٧ی فێبریوەری ٢٠٢٤)، محەممەد یووسفی، منداڵی خەڵکی جوانڕۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەو شارە دەستبەسەرکرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، محەممەد یووسفی، دوای کێبڕکێی تۆپی پێی تیمی هەڵبژاردەی ئێران و هەڵبژاردە قەتەر، لە نێوان ئەو خەڵکەی دڵخۆشییان دەردەبڕی، دەستبەسەرکرابوو.

لە ماوەی ٩ ڕۆژی ڕابردوودا، هیچ زانیارییەک لەسەر شوێن و دۆخی ڕاگرتنی ئەو منداڵە لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی بەمەبەستی ئاگاداربوونەوە لە تەندروستیی ناوبراو بێ ئاکام ماوەتەوە.

هەنگاو ئاگادارکراوەتەوە کە چەند منداڵی دیکەش هاوکات لەگەڵ محەممەد یووسفی دەستبەسەرکراون کە تا ئێستا ناسنامەیان ئاشکرا نەکراوە.

هەڵبژاردەی تۆپی پێی کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی ڕێبەندان، لە قۆناغی پێش کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئاسیا لە یاریگای "الثمامە"، بە دەرئەنجامی سێ بە دوو لە بەرانبەر تیمی هەڵبژاردەی تۆپی پێی قەتەردا دۆڕاندی و سەرنەکەوت بۆ قۆناغی کۆتایی.

شایەنی باسە کە، لە ژمارەیەک لە شارەکانی کوردستان وەکوو جوانڕۆ، سنە و دیواندەرە خەڵک دوای دۆڕاندنی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران هاتنە سەر شەقامەکان و خۆشحاڵی خۆیان لە دۆڕاندنی ئێران دەربڕی.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە