دەستبەسەرکردنی سێ هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەریوان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لانی کەم سێ هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەریوان بە ناوەکانی عەلی باقدەم، سیروان بازرگان و حامید ئەمینی

هەنگاو: پێنجشەممە ٢٦ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لانی کەم سێ هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەریوان بە ناوەکانی عەلی باقدەم، سیروان بازرگان و حامید ئەمینی، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی چوارشەممە، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیانکوتایە سەر ماڵی عەلی باقدەم، تەمەن ٤٠ ساڵ و خەڵکی شاری مەریوان و ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.
هاوکات ئەو هێزانە هەڵیانکوتایە سەر گوندی "شێخ عەتار"، ژنبرایەکی عەلی باقدەم بە ناوی سیروان بازرگان و هەروەها لە گوندی "لەنجاوا"ی مەریوان هاووڵاتییەکی دیکەیان بە ناوی حامید ئەمینی دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی هەنگاو؛ سێ هاووڵاتییە بەبێ هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و یاسایی و بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون.
تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیاری ورد و دروست لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو سێ هاووڵاتییە و هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان لە بەردەستدا نییە.