جوانڕۆ؛ ئاشکراکردنی ناسنامەی سێیەمین منداڵی دەستبەسەرکراو دوای دۆڕاندنی تیمی تۆپی پێی ئێران بەرانبەر قەتەر

بە ئاشکرابوونی ناسنامەی منداڵێکی دیکەی دەستبەسەرکراو بەناوی دیاکۆ بێهرووجە، ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی دوای دۆڕاندنی تیمی تۆپی پێی ئێرا

٣٠ ڕێبەندان ٢٧٢٣، ١١:٣٩

 

هەنگاو؛ دووشەممە ٣٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣

بە ئاشکرابوونی ناسنامەی منداڵێکی دیکەی دەستبەسەرکراو بەناوی دیاکۆ بێهرووجە، ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی دوای دۆڕاندنی تیمی تۆپی پێی ئێران بەرانبەر قەتەر، لە شاری جوانڕۆ دەستبەسەرکراون و ناسنامەیان ئاشکرا کراوە گەیشتە چوار کەس کە سێ کەس لەوان منداڵن و تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی چوارشەممە ١٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣ (٧ی فێبریوەری ٢٠٢٤)، دیاکۆ بێهروجە، منداڵی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی جوانڕۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا.

هەنگاو پێشتر ڕاپۆرتێکی لەسەر دەستبەسەرکرانی محەممەد یووسفی تەمەن ١٧ ساڵ و حەمزە بەرزگەر تەمەن ٢١ ساڵ لە ئێوارەی هەمان ڕۆژ و هەروەها دەستبەسەرکرانی محەممەد مەحموودی تەمەن ١٦ساڵ لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕێبەندان (١٤ی فێبریوەری) بڵاو کردبووەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی پێشووی هەنگاو، لانی کەم ١٠ منداڵ و مێرمنداڵ بەهۆی دەربڕینی شادی و دڵخۆشییان لە دۆڕاندنی تیمی تۆپی پێی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرانبەر تیمی هەڵبژاردەی قەتەر دەستبەسەرکراون کە منداڵانی ژێر ١٨ ساڵ بۆ ناوەندی چاکسازی و پەروەردە لە کرماشان و لاوەکان بۆ بەندیخانەی دێزڵئاوای ئەو شارە گواستراونەتەوە.

تیمی هەڵبژاردەی تۆپی پێی کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی ڕێبەندان، لە قۆناغی پێش کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئاسیا لە یاریگای "الثمامە"، بە دەرئەنجامی سێ بە دوو لە بەرانبەر تیمی هەڵبژاردەی تۆپی پێی قەتەردا دۆڕاندی و سەرنەکەوت بۆ قۆناغی کۆتایی.

شایەنی باسە کە، لە ژمارەیەک لە شارەکانی کوردستان وەکوو جوانڕۆ، سنە و دیواندەرە کە لە هەریەک لەو شارانە چەندین هاووڵاتی لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان کوژرابوون، خەڵک دوای دۆڕاندنی تیمی هەڵبژاردەی ئێران هاتنە سەر شەقامەکان و دڵخۆشی خۆیان لە دۆڕاندنی ئێران دەربڕی.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە