ئورمیە؛ شاهین وەساف لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا

شاهین وەساف هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سەڵماس کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لەلایەن هێزە ئەمنییەکان لە شاری ئورمیەوە دەستبەسەر کرابوو، بە

٢ ڕەشەمە ٢٧٢٣، ٢٠:٣٤

 

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣

شاهین وەساف هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سەڵماس کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لەلایەن هێزە ئەمنییەکان لە شاری ئورمیەوە دەستبەسەر کرابوو، بە تۆمەتی «سیخوڕی بۆ ئیسرائیل» سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شاهین وەساف هاووڵاتیی تەمەن ٢٧ ساڵی کورد و خەڵکی سەڵماس لەلایەن لقی سێی دادگای شۆرشی ئورمیەوە بە تۆمەتی «سیخوڕی بۆ ئیسرائیل» سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا و حوکمەکەی لە ڕۆژی سێشەممە ١١ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ (٣ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣) لە بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە بە شێوەی فەرمی پێی ڕاگەیەندراوە.

شاهین وەساف ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی خەرمانانی ٢٧٢٢ (٢١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢) و لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی هاوڕێ لەگەڵ هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی ناسر وەساف لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی لە ئورمیە دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە ئەمنییە لە شاری ئورمیە گواسترابوونەوە و دوای لێکۆڵینەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە ڕاگوێزراون.

هەنگاو زانیویەتی دانیشتنی دادگای ئەم دوو هاووڵاتییە بە بێ هەبوونی پارێزەر بەڕێوەچووە و ناسر وەساف ڕۆژانی ڕابردوو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کراوە.

شایانی باسە ئەم دوو هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەریدا لە مافی هەبوونی پارێزەر و دیتنی بنەماڵەکانیان بێبەش بوون و لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئورمیە بە مەبەستی دانپێدانان دژ بە خۆیان و قبووڵکردنی تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لەژێر گوشار و ئەشکەنجەی دڕندانەدا بوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە