حەمید ئاخ چالاکی مەدەنی و لە هاوکارانی دڵسۆزی هەنگاو کۆچی دوایی کرد

حەمید ئاخ لە چالاکی مەدەنی خەڵکی سنە و یەکێک لە هاوکارانی دڵسۆزی هەنگاو، لە دوای بەجێهێشتنی وڵات بە هۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان و چەند مانگ نیشتەجێبوون لە

٣ ڕەشەمە ٢٧٢٣، ١٦:٤٤

 

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٣ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣

حەمید ئاخ لە چالاکی مەدەنی خەڵکی سنە و یەکێک لە هاوکارانی دڵسۆزی هەنگاو، لە دوای بەجێهێشتنی وڵات بە هۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان و چەند مانگ نیشتەجێبوون لە ئاڵمان، کۆچی دوایی کرد. حەمید ئاخ لەگەڵ بنەماڵەکەی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو بە بەرپرسیارەتییەوە بەردەوام چالاکییەکانیان لە ڕێگەی بەرگری لە مافی مەدەنی هاووڵاتییاندا ڕێکخستووە.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، چوارشەممە ٢ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣ (٢١ی فێبریوەری ٢٠٢٣) حەمید ئاخ چالاکی مەدەنی ناسراوی خەڵکی سنە لە شوێنی نیشتەجێبوونی لە وڵاتی ئاڵمان تووشی جەڵتەی دڵ بووە و سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە گیانی لەدەست داوە.

حەمید ئاخ لە ساڵانی ڕابردوو لە بواری مافی مەدەنی و کولتووری خەڵکی کوردستان چالاکی بووە و بە هۆی چالاکییەکانی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی شاری سنە بانگهێشت و لە ژێر گوشار و هەڕەشەدا بووە.

ئەم چالاکە مەدەنییە سەرەتای ئەمساڵ بە هۆی بەشداری چالاکانە لە ڕێوڕەسمی گیانبەختکردووانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لە شارەکانی سنە، دێولان، سەقز و بۆکان، لە دوای دوو ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی بە کۆمەڵی نزیک بە ٣٠ کەس لە بنەماڵە دادخوازەکانی کوردستان لە جادەی نێوان سەقز و بۆکان، لەگەڵ هاوسەر و دوو منداڵەکەیان ناچار بوون کە وڵات بەجێبهێڵن و بەمەبەستی پاراستنی گیانیان خۆیان گەیاندە ئاڵمان.

ئەم بنەماڵە لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و هەروەها ناڕەزایەتییەکان و مانگرتنی مامۆستایانی سنە، بەشداری چالاکانەیان بووە و لە کۆتاییدا بە هۆی ئەم چالاکییانە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کەوتنە ژێر گوشار و هەڕەشە.

حەمید ئاخ لە ئاخرین ستۆری خۆی لە ئینستاگرام بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک لە تاوانەکانی سوپای پاسداران لە خەزەڵوەری ساڵی ڕابردووی شاری جوانڕۆ داوای لە خەڵک کردبوو نەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و هەڵبژاردنی کۆماری ئیسلامی ئێران بایکۆت بکەن.

ئەندامان و هاوکارانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بە دڵنگەرانی زۆرەوە بە هۆی کۆچی دوایی حەمید ئاخ، پرسە و سەرەخۆشی خۆیان ئاراستەی بنەماڵە و هاوڕێیانی دەکەن.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە