ڕاپۆرتی ئاماری هەنگاو لە بارودۆخی بەندیخانەکانی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٣، کوژرانی ١١ بەندکراو لە ژێر ئەشکەنجە

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ساڵی ٢٠٢٣ی زایینی لانی کەم ٣٢ بەندکرا لە

٤ ڕەشەمە ٢٧٢٣، ٢٢:٤٠

 

هەنگاو؛ هەینی ٤ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤


بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ساڵی ٢٠٢٣ی زایینی لانی کەم ٣٢ بەندکرا لە بەندیخانەکان و دەستبەسەرگەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران گیانیان لەدەست داوە و دوو بەندکراو ماوەیەکی کورت لە دوای ئازادی گیانیان لە دەست داوە و تۆمەتبارێک لە کاتی هەڵهاتن بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کوژراوە. لە ساڵی ڕابردوو ٩ بەندکراوی سیاسی گیانیان لەدەست داوە و لانی کەم ١١ بەندکراو لە ژێر ئەشکەنجە کوژراون، بە پێی ئەم ئامارە ٦٠٪ ی قوربانیان بەندکراوانی کورد بوون.

ئەم ڕاپۆرتە ١٠ بەشی جیاواز لە خۆ دەگرێت و هەر بەش بە شێوەی جیاواز و بە هێڵکاری و زانیاری زیاتر لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە:

١-پێشەکی
٢- پوختەیەک لە ڕاپۆرتی ئاماری ساڵی ٢٠٢٣
٣- جیاکردنەوەی چۆنیەتی کوژرانی بەندکراوان لە بەندیخانەکانی ئێران
٤- جیاکردنەوەی بەندکراوانی کوژراو بە پێی تۆمەت
٥- کورتەیە لەسەر ٩ بەندکراوی سیاسی کە لە ساڵی ٢٠٢٣ گیانیان لەدەست داوە
٦- جیاکردنەوەی بەندکراوانی کوژراو لە ساڵی ٢٠٢٣ بەپێی پارێزگاکان
٧- جیاکردنەوەی بەندکراوانی کوژراو بەپێی بەندیخانە و دەستبەسەرگەکان
٨- جیاکردنەوەی بەندکراوانی کوژراو بە پێی نەتەوە
٩- کوژرانی ٢١ بەندکراوی کورد لە ساڵی ٢٠٢٣
١٠- دەرەنجام



پێشەکی

دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی سوپای پاسداران و ئیدارەی ئیتلاعات لە سەرانسەری ئێران و زۆرێک لە بەندیخانە گشتییەکان تا ئێستا لەلایەن هیچ ناوەندێکی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤییەوە چاودێری نەکراوە و کۆنترۆڵی دادوەری لەسەر ئەم دەستبەسەرگەدانەدا نییە، لەم دەستبەسەرگانەدا و بە تایبەتی دەستبەسەرگەکانی کۆماری ئیسلامی لە شارەکانی کوردستان، بەندکراوانی سیاسیی بە شێوەیەکی دڕندانە دەخرێنە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی. سەرەڕای نەبوونی کۆنترۆڵی دادوەری لەسەر دەستبەسەرگەکانی ناوەندە ئەمنییەکان لە ئێران، بەندیخانە ناوەندی و گشتییەکانیش پڕن لە مافیای فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر و چەندین جۆر چەکی سارد و ئەم کردەوانە لە ژێر چاودێری بەرپرسانی بەندیخانەکان ئەنجام دەدرێت و ساڵانە دەبێتە هۆی ڕوودانی توندوتیژی لە نێو بەندیخانەکان و کوژرانی بەندکراوان بەدەستی بەندکراوانی دیکە.

بەپێی ئەو بەڵگانەی کە بەردەستن، لە بەشێکی زۆری بەندیخانەکان، بەرپرسەکان بەندکراوانی لە بڕی دانی پارە ناچار بە ئازار و ئەشکەنجەی بەندکراوانی سیاسی لەو بەندیخانانە دەکەن کە بەندکراوان بە پێی تۆمەتەکانیان جیانەکراونەتەوە.



کورتەیەک لە ڕاپۆرتی ئاماری ساڵی ٢٠٢٣

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ساڵی ٢٠٢٣ی زایینی لانی کەم ٣٢ بەندکراو لە بەندیخانەکان و دەستبەسەرگەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران گیانیان لەدەست داوە، ٢ بەندکراوی سیاسی لە ماوەیەکی کەم لە دوای ئازادی بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەست داوە و تۆمەتبارێک لە کاتی هەڵهاتن بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کوژراوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە کۆی ٣٥ بەندکراو لانی کەم ٢١ بەندکراو کورد بوون، هەروەها ١١ بەندکراو لە ژێر ئەشکەنجە گیانیان لەدەست داوە و ٩ بەندکراو بە هۆی کەمتەرخەمی لە گەیاندن بۆ ناوەندە دەرمانییەکان و پێڕانەگەیشتی پزیشکی گیانیان لەدەست داوە.

زۆرترین حاڵەتی مەرگی بەندکراوان لە بەندیخانەکان و دەستبەسەرگەی پارێزگای ئورمیە تۆمار کراوە کە دەگاتە ۱۲ حاڵەت، هەروەها لە کۆی ٣٥ بەندکراو لانی کەم ٢٣ بەندکراو لە بەندیخانە ناوەندی و گشتییەکان لە شارەکان گیانیان لەدەست داوە و لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سوپای پاسداران ٣ بەندکراو لە ژێر ئەشکەنجە کوژراون.

لە ساڵی ڕابردوو لانی کەم ١١ بەندکراوی تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەر و ٩ بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران گیانیان لەدەست داوە.



جیاکردنەوەی چۆنیەتی کوژرانی بەندکراوان لە بەندیخانەکانی ئێران

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، زیاترین بەندکراوان لە ژێر ئەشکەنجەی ناوەندە ئەمنییەکانی گیانیان لەدەست داوە کە دەگاتە ١١ حاڵەت. هەروەها ٩ بەندکراو بە هۆی پێرانەگەیشتنی پزیشکی و کەمتەرخەمی لە گەیاندن بۆ ناوەندە دەرمانییەکان و ٣ بەندکراو بە هۆی ژەهراویبوونی گوماناوی گیانیان لەدەست داوە.

کوژران لە ژێر ئەشکەنجە: ١١ حاڵەت کە دەکاتە ٣١.٥٪ کۆی حاڵەتەکان
پێرانەگەیشتنی پزیشکی: ٩ حاڵەت کە دەکاتە ٢٦٪ کۆی حاڵەتەکان
تێکهەڵچوون لەگەڵ بەندکراوانی دیکە: ٤ حاڵەت کە دەکاتە ١١.٥٪ کۆی حاڵەتەکان
مەرگی گوماناوی: ٣ حاڵەت کە دەکاتە ٨.٥ کۆی حاڵەتەکان
ژەهراویبوون: ٣ حاڵەت کە دەکاتە ٨.٥٪ کۆی حاڵەتەکان
خۆکوشتن: ٣ حاڵەت کە دەکاتە ٨.٥٪ کۆی حاڵەتەکان
تەقەی فیشەک لە کاتی دەستبەسەرکران: ١ حاڵەت کە دەکاتە ٣٪ کۆی حاڵەتەکان
جەڵتەی دڵ پێش لە بەرێوەچوونی سزای سێدارە: ١ حاڵەت کە دەکاتە ٣٪ کۆی حاڵەتەکان



 

جیاکردنەوەی بەندکراوانی کوژراو بە پێی تۆمەت

زیاترین بەندکراوانی کوژراو لە بەندیخانەکان لە ساڵی ٢٠٢٣ ئەو بەندکراوانەی بوون کە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر دەستبەسەرکراون کە دەکاتە ١١ حاڵەت، بەندکراوانی سیاسی لە پلەی دووەمدا دێن کە ٩ بەندکراونی سیاسی کوژراون و هەروەها ٩ حاڵەت بەندکراوانی تۆمەتی ئاسایی بوون، دوو بەندکراو بە تۆمەتی ماڵی و بەندکراوێک بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست لە پلەی دواتر تۆمار کراون و سێ بەندکراویش کوژراون کە تۆمەتەکانیان بۆ هەنگاو ڕوون نەبووەتەوە.

چالاکی سیاسی: ٩ حاڵەت
تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر: ١١ حاڵەت
تۆمەتی ئاسایی: ٩ حاڵەت
تۆمەتی ماڵی: ٢ حاڵەت
کوشتنی بەئەنقەست: ١ حاڵەت
نادیار: ٣ حاڵەت



پوختەیەک لە زانیاری کەسیی ٩ بەندکراوی سیاسی کە لە ساڵی ٢٠٢٣ گیانیان لەدەست داوە


بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە کۆی گشتی ٣٥ بەندکراو کە لە ساڵی ڕابردوو گیانیان لەدەست داوە لانی کەم ٩ بەندکراوی سیاسیی بوون کە دەکاتە ٢٦٪ کۆی گشتی حاڵەتەکان، هەروەها ٥ کەس لە بەندکراوە سیاسییەکان کورد بوون کە دوو کەسیان لە ماوەیەکی کورت لە دوای ئازادیی بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەست داوە. دوو بەندکراوی بەلووچ، و بەندکراوێکی سیاسی لوڕی بەختیاری و بەندکراوێکی سیاسی گیلەک لە ساڵی ڕابردوو لە بەندیخانەکانی ئێران گیانیان لەدەست داوە.

١-سادق فولادی وەندا هاووڵاتیی تەمەن ٢٩ ساڵی لوڕی بەختیاری و خەڵکی گەچساران لە ڕێکەوتی ٢١ی فێبریوەری ٢٠٢٣ لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە ژێر ئەشکەنجە گیانی لەدەست دا، ناوبراو لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بوو.

٢- ئیبراهیم ڕیگی پزیشکی تەمەن ٢٤ ساڵی بەلووچ و خەڵکی زاهیدان، لە ڕێکەوتی ٢٢ی فێبریوەری ٢٠٢٣ لە دەستبەسەرگەی کەڵانتەری ١٢ی زاهیدان لەژێر ئەشکەنجە گیانی لەدەست دا، ناوبراو لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بوو.

٣- شێرزاد ئەحمەدی نەژاد هاووڵاتیی کورد، تەمەن ٤١ ساڵ و خەڵکی بۆکان لە ڕێکەوتی ١٥ی مارسی ٢٠٢٣ لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئورمیە گیانی لەدەست دا. ناوبراو لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بوو.

٤-مووسا ئیسماعیلی هاووڵاتیی کورد، تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی پیرانشار لە ڕێکەوتی ٨ی جولای ٢٠٢٣ لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئورمیە لە ژێر ئەشکەنجە گیانی لەدەست دا.

٥-پەیمان گەڵوانی هاووڵاتیی کورد، تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی مەهاباد لە ڕێکەوتی ٩ی جولای ٢٠٢٣ لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئورمیە لە ژێر ئەشکەنجە گیانی لەدەست دا.

٦- حەسەن جوجەگەڵوانی، بەندکراوی سیاسی کورد و خەڵکی پیرانشار، چەند مانگ لە دوای کۆتایی هاتنی ماوەی بەندکرانی ٥ ساڵی خۆی کە لە بەندیخانەی ئەردەبێڵ ئازاد کرابوو، لە ڕێکەوتی ٣١ی ئاگۆستی ٢٠٢٣ بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست دا و تەرمەکەی لە کەش و هەوایەکی ئەمنی و لە ژێر چاودێری هێزە ئەمنییەکان بە خاک سپێدرا.

٧-جەواد ڕووحی لاوی تەمەن ٣٥ ساڵی گیلەک و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە ڕێکەوتی ٣١ی ئاگۆستی ٢٠٢٣ بە شێوەیەک گوماناوی لە بەندیخانەی نەوشەهر گیانی لەدەست دا، ناوەندە ئەمنییەکان هۆکاری کوژرانەوەکەیان بۆ ژەهراویبوون بە دەرمان ڕاگەیاند.

٨-ئارمان سەنگی بەندکراوی سیاسی کورد، تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی بانە، سێ مانگ لە دوای کۆتایی هاتنی ماوەی سزای ٢ ساڵی کە لە تاران بەندکرابوو، لە مانگی سێپتەمبەری ٢٠٢٣ بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست دا.

٩-مەحموود ڕەخشانی، لاوی تەمەن ١٩ ساڵ و بەلووچی خەڵکی زابۆل، لە ڕێکەوتی ١١ی دیسەمبەری ٢٠٢٣ لە نەخۆشخانەی ئەمیر ئەلمۆئمنینی ئەو شارە گیانی لەدەست دا، ناوبراو لە سێ مانگ پێش گیانلەدەستدانی و بە هۆی ئەشکەنجە لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای زابۆل لە بەشی سەریەوە بریندار و چوبووە کۆماوە.




جیاکردنەوەی بەندکراوانی کوژراو لە ساڵی ٢٠٢٣ بە پێی پارێزگاکان


بەپشتبەستن بە ئاماری هەنگاو، زیاترین بەندکراوان لە بەندیخانەکان و دەستبەسەرگەکانی ئورمیە گیانیان لەدەست داوە کە ۱۲ حاڵەت بووە، لە بەندیخانەکانی پارێزگای کوردستان و سیستان و بەلووچستان هەر کام ٤ حاڵت و لە بەندیخانەکانی پارێزگای کرماشان و تاران هەر کام ٣ بەندکراو گیانیان لەدەست داوە.

پارێزگای ئورمیە: ۱۲ حاڵەت
پارێزگای کوردستان (سنە):٤ حاڵەت
پارێزگای سیستان و بەلووچستان: ٤ حاڵەت
پارێزگای کرماشان: ٣ حاڵەت
پارێزگای تاران: ٣ حاڵەت
پارێزگای گوڵستان: ٢ حاڵەت
پارێزگای ئەلبورز: ٢ حاڵەت
پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی: ۱ حاڵەت
پارێزگای مازەندەران: ١ حاڵەت
پارێزگای گیلان: ١ حاڵەت
پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات: ١ حاڵەت
پارێزگای کەهگیلویە و بۆیر ئەحمەد: ١ حاڵەت



 

جیاکردنەوەی بەندکراوانی کوژراو بە پێی بەندیخانە و دەستبەسەرگەکان

زیاترین بەندکراوانی کوژراو لە ساڵی ڕابردوو کەسانێک بوون کە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرابوو و ماوەی سزاکەیان تێپەر دەکرد و لە بەندیخانەی گشتیدا ڕاگیراون کە ٢٣ حاڵەت بووە. هەروەها لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات و دەستبەسەرگەی سوپای پاسداران هەر کام ٣ حاڵەت کوژرانی بەندکراو تۆمار کراوە. لە دەستبەسەرگەی هێزە ئینتزامییەکان ٢ حاڵەت و لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردە و دەستبەسەرگەری ناوەندی دژی مادەی هۆشبەر هەر کام یەک حاڵەتی کوژرانی بەندکراو تۆمار کراوە.

بەندیخانەی گشتی و ناوەندی: ٢٣ حاڵەت
دەستبەسەرگەری ئیتلاعاتی سوپای پاسداران: ٣ حاڵەت
دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات: ٣ حاڵەت
دەستبەسەرگەی هێزی ئینتزامی: ٢ حاڵەت
کوژرانی گوماناوی دوای ئازادی: ٢ حاڵەت
ناوەندی چاکسازی و پەروەردە: ١ حاڵەت
دەستبەسەرگەی ناوەندی دژی ماددەی هۆشبەر: ١ حاڵەت



جیاکردنەوەی بەندکراوانی کوژراو بە پێی نەتەوە

بەپشتبەستن بە ئاماری هەنگاو، ٢١ حاڵەت کە دەکاتە ٦٠٪ بەندکراوانی ساڵی ڕابردوو کە لە بەندیخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران گیانیان لەدەست داوە بەندکراوانی کورد بوون کە بە ڕوونی دەرخەری ئەوەیە کە ناوەندە ئەمنییەکان لە کوردستان توندوتیژی زیاتر بەکاردەهێنن و سەرکوتی بەندکراوان زیاترە.

هەروەها ساڵی ڕابردوو لانی کەم ٧ بەندکراوی بەلووچ کە دەکاتە ٢٠٪ کۆی گشتی حاڵەتەکان لە بەندیخانەکان و دەستبەسەرگەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران گیانیان لەدەست داوە و بەندکراوێکی ئێرانی ئەمریکایی لە تاران گیانی لەدەست دا.

بەندکراوانی کورد: ٢١ حاڵەت
بەندکراوانی بەلووچ: ٧ حاڵەت
بەندکراوانی گیلەک: ٢ حاڵەت
بەندکراوانی لوڕ و بەختیاری: ٢ حاڵەت
بەندکراوانی تورک: ١ حاڵەت
بەندکراوانی خاوەن دوو ڕەگەزنامە: ١ حاڵەتبەندکراوانی
فارس: ١ حاڵەت



 

گیانلەدەستدانی ٢١ بەندکراوی کورد لە ساڵی ٢٠٢٣

لە کۆی گشتی بەندکراوانەی لە ئێران گیانیان لەدەست داوە ٢١ حاڵەت کە دەکاتە ٦٠٪ کۆی گشتی بەندکراوانی کورد بوو و ٨ کەسیان لە ژێر ئەشکەنجە گیانیان لە دەست داوە کە دەکاتە ٧٣٪ کۆی گشتی ئەو بەندکراوانە کە لە ژێر ئەشکەنجە گیانیان لەدەست داوە.

بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە ٨ بەندکراوی کورد لە ژێر ئەشکەنجە گیانیان لەدەست داوە و ٥ بەندکراو بە هۆی کەمتەرخەمی و پێرانەگەیشتنی پزیشکی و ٤ بەندکراو بە هۆی تێکهەڵچوون لەگەڵ بەندکراوانی دیکە گیانیان لەدەست داوە.
لانی کەم ٥ کەس لەم بەندکراوە کوردانە کە گیانیان لەدەست داوە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی دەستبەسەر کرابوون، ٨ کەس بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەر، ٥ کەس بە تۆمەتی ئاسایی و ٢ کەس بە تۆمەتی ماڵی و کەسێک بە تۆمەتی نادیار بووە.

بە پشت بەستن بە ئاماری هەنگاو زیاترین بەندکراوانی کورد گیانیان لەدەست داوە خەڵکی پارێزگای ئورمیە بوون کە دەکاتە ۱۲ حاڵەت، لە پارێزگای سنە و کرماشان هەر کام ٤ حاڵەت و لە پارێزگای لوڕستان یەک حاڵت تۆمار کراوە.



دەرئەنجام

کوشتنی دەرەوەی دادوەری و یاسا، کە بەبێ پرۆسەی یاسایی ڕەوا و دەرفەتی بەرگریکردن لە خۆیان بۆ تۆمەتبار ڕوودەدەن، بە پێشێلکارییەکی گەورەی مافەکانی مرۆڤ و بنەما سەرەکییەکانی دادپەروەری دادەنرێت. ئەم کردەوانە کە زۆرجار لە ژێر بارودۆخی سەرکوت و ترس و بێ یاساییدا ئەنجام دەدرێن، بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دادەنرێت. ڕاپۆرتەکانی وەک ئەو ڕاپۆرتانەی کە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو سەبارەت بە ئێران ئامادەی کردووە، ڕێژەی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لەم بوارەدا نیشان دەدەن.

کوژرانی بەندکراوان لە ژێر ئەشکەنجەدا یان بە دەستی هێزە ئەمنییەکان، بەبێ پرۆسەی یاسایی، نموونەیەکی ڕوونی کوشتنی دەرەوەی یاسا و دادگایە. ئەم حاڵەتانە بە تایبەت کە کەمینە نەتەوەیی و و ئایینییەکان ڕێژەیەکی بەرزی قوربانییەکان پێکدەهێنن، گرنگی ڕاوەستە کردن لەسەری و کردەوەی نێودەوڵەتی دوو هێندە دەکات. وەستانەوە لە دژی ئەم تاوانانە و دابینکردنی میکانیزم بۆ بەدواداچوونی دادپەروەری و پشتیوانی لە قوربانییەکان و بنەماڵەکانیان بەشێکی جەوهەری خەباتی جیهانییە بۆ مافەکانی مرۆڤ.

ئەو ڕاپۆرتەی کە هەنگاو ئامادەی کردووە، بە ڕوونی نیشان دەدات کە ئەم دۆخە نەک هەر پێشێلکاری بەربڵاوی مافی مرۆڤ لە ئێران نیشان دەدات، بەڵکوو نموونەی ڕوونی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی نیشان دەدات، کە لە پەیڕەوی ناوخۆی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان، بەشی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتیدا هاتووە، بە تایبەتی لە حاڵەتی لەسێدارەدانی دەرەوەی دادوەرید. ئەم شێوازە کە بەبێ دادگاییکردنی دادپەروەرانە و لەژێر ئەشکەنجەدا ئەنجامدراون، پێشێلکردنی ئاشکرای پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و بنەما سەرەکییەکانی دادپەروەرییە. ئەنجامی ئەم ڕاپۆرتە نەک هەر پێویستی بە سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە بە مەبەستی گوشار هێنان، بەڵکوو ئاماژەیە بۆ پێویستی کردەوەی یەکلاکەرەوە لەلایەن دادگا نێودەوڵەتییەکان بۆ بەدواداچوون و دادگاییکردنی ئەو کەسانەی کە بەرپرسیارن لەم تاوانانە.

 

داونلۆدی فایلی PDF


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە