ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکران و ئازادی هونەرمەندیکی کورد لە قووچان

مێهران ڕەحیمی هونەرمەندی کورد و خەڵکی شاری قووچان سەر بە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو بۆ ماوەی چوار ڕۆژ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی

٨ ڕەشەمە ٢٧٢٣، ١٣:١٧

 

هەنگاو؛ سێشەممە ٨ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣

مێهران ڕەحیمی هونەرمەندی کورد و خەڵکی شاری قووچان سەر بە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو بۆ ماوەی چوار ڕۆژ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر و لە دوای لێپرسینەوە و ڕوونکردنەوەی تۆمەتە پاڵخراوەکانی ئازاد کراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣ (٢١ی فێبریوەری ٢٠٢٤) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە قووچان لە دوای هێرش بۆ سەر ماڵی مێهران ڕەحیمی هونەرمەندی کورد، ناوبراویان دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعات لە شاری ڕاز و جەرگلان لە پارێزگای خۆراسانی باکوور گواستووەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هونەرمەندە لە دوای چوار ڕۆژ دەستبەسەری و لێپرسینەوە، ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی ڕەشەممە ئازاد کراوە. هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ڕۆژی یەکشەممە ١ی ڕەشەممەش هێرشیان کردبووە سەر ماڵی ناوبراو و هەوڵی دەستبەسەرکرانیان دابوو کە سەرکەوتوو نەبووە.

هەنگاو زانیویەتی مێهران ڕەحیمی وەکوو چەندین هونەرمەندی دیکەی کورد لە خۆراسان لە ماوەی چەندین مانگی ڕابردوو لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکان هەرەشەی لێ کراوە و پێی ڕاگەیەندراوە مافی نییە بە جلی کوردی لە ڕێورەسمەکان ئامادە بێت.

لە ماوەی چەندین مانگی ڕابردوو ناوەندە ئەمنییەکان گوشاریان خستووەتە سەر هونەرمەندانی کورد لە خۆراسانی باکوور و خۆراسانی ڕەزەوی و هەڕەشەیان لێ کراوە لە ئەگەری لەبەرکردنی جلی کوردی دۆسیەی ئەمنییان بۆ دروست دەکرێت و تۆمەتی وەکوو هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانیان دەخرێتە پاڵ.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە