زیاتربوونی گوشارەکان لەسەر بنەماڵەی چالاکێکی سیاسی لە قوروە؛ هەڕەشەی دەستدرێژی و کوشتن لە دایک و خوشکەکانی عارف نادری

کەسانی سەر بە ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری قوروە، بە شێوەیەکی نایاسایی لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەی عار

١٠ ڕەشەمە ٢٧٢٣، ١٣:٥٦

 

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٠ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣

کەسانی سەر بە ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری قوروە، بە شێوەیەکی نایاسایی لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەی عارف نادری، چالاکی سیاسی لە دەرەوەی ئێران، هەڕەشەی"ڕفاندن، سووکایەتیکردن و ئاگردانی ماڵەکەیان" لە مەحبووبە عەباسی، دایک و هەروەها دوو خوشکی ناوبراو کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دوایییانەدا کەسانێک کە خۆیان بە ئەندامی ناوەندە ئەمنییەکان لە شاری قوروە ناساندووە، گوشارەکانیان لەسەر بنەماڵەی عارف نادری، لە ڕێگەی هەڕەشەی زارەکییەوە تا ئاستێک زیادی کردووە کە ئاسایشی دەروونی لە دایک و خوشکەکانی ناوبراو بەتەواوی وەرگیراوە.

ئەو گوشارانە لە ئاستێکدا بووە کە مەحبووبە عەباسی، دایکی عارف نادری، بڕیاری تۆمارکردنی سکاڵای لەو کەسانەی داوە کە هەڕەشەیان لێیانکردووە و بۆ ئەو بابەتە بە هیوای کۆتایی هێنان بەو گوشارە نامرۆڤانە، بەدواداچوون دەکات.

پێشتر واتە ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی ڕەزبەری ئەمساڵ، ئامیار فەتحوڵڵاهی، خوێندکار و خوشکەزای عارف نادری، بە پەیوەندییەکی چەواشەکارانەی پەروەردە و بارهێنانی قوروە دەستبەسەرکرا و دوای گواستنەوەی بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە، ئەشکەنجە درا.

ئامیار فەتحوڵڵاهی، لە دەستبەسەرگە بەهۆی ئەشکەنجە بەمەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، تووشی خوێنڕێژی گورچیلە ببوو.

هەنگاو پێشتر بەپێی وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایگەیاندبوو کە هێزە حکوومەتییەکان پێیان ڕاگەیاندووە کە دەبێت دانپێدابنێت کە لەلایەن خاڵۆی خۆی بۆ ئەوەی بە "کردەوەی تیرۆریستی" ناوبراوە، هاندراوە.

ئەو مێرمنداڵە، دوای چەند کاتژمێر دەستبەسەرکرانی کاتی و ئەشکەنجەدران، بە دۆخێکی دژواری جەستەیی و دەروونییەوە ئازاد و بەڕێی ماڵەوە کرا.

عارف نادری، ڕۆژنامەوانی خەڵکی قوروە و لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی ناسراوی کورد و ئەندامی پێشووی شوورای شاری قوروە کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەکانەوە ناچار بە جێهێشتنی زێدەکەی کرا ئێستا لە وڵاتی نۆروێژ وەکوو پەنابەر ژیان بەسەر دەبات.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە