دەستبەسەرکردنی دوو منداڵی تەمەن ١٧ ساڵ خەڵکی شارەکانی سەقز و بۆکان

دوو منداڵی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوەکانی مەتین ڕازیان، خەڵکی شاری سەقز و نەوید مستەفازادە، خەڵکی شاری بۆکان، لەلایەن هێزەکان

١٠ ڕەشەمە ٢٧٢٣، ٢٢:١٢

 

هەنگاو: پێنجشەممە، ١٠ی ڕەشەمەی ٢٧٢٣

دوو منداڵی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوەکانی مەتین ڕازیان، خەڵکی شاری سەقز و نەوید مستەفازادە، خەڵکی شاری بۆکان، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لەم دوو شارە دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەنەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ کاتژمێر ١١: ٠٠ی شەوی سێشەممە، ٨ی ڕەشەمەی ٢٧٢٣ (٢٧ی فێبریوەری ٢٠٢٤)، مەتین ڕازیان، تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە.

هەروەها ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٠ی ڕەشەمە، منداڵێکی دیکەی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی نەوید مستەفازادە و خەڵکی گوندی داشبەند سەر بە شاری بۆکان، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بەبێ هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و یاسایی دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیکی بنەماڵەی ڕازیان، مەتین لە کاتی گەڕانەوە لە بنکەی وەرزشیی نزیک ماڵەکەی خۆیان کە دەکەوێتە گەڕەکی ساڵحاوای سەقز، دەستبەسەر کراوە.

ئەم سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەو منداڵە قوتابییە و جگە لە وەرزش و خوێندن، بۆ هاوکاریی بژێویی ژیانی بنەماڵەکەیان ناچار بووە ڕوو بکاتەوە کۆڵبەریش.

شایانی باسە کە سەعید ڕازیان، باوکی مەتین پێشتر بەهۆی چالاکییەکانییەوە دەستبەسەر و بەند کراوە و حەوت ساڵ وەک بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بووە.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەو دوو منداڵە کوردە و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵیان و هەروەها شوێنی ڕاگیریانیان لە بەردەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە