کوژرانی کۆڵبەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری سەقز

کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری تیکاب بە ناوی عەلی زەرغامی کە باوکی سێ منداڵە، لە کاتی کۆڵبەر و لە سنووری هەنگەژاڵی

١٣ ڕەشەمە ٢٧٢٣، ١٠:٣٥

 

هەنگاو: یەکشەممە، ١٣ی ڕەشەمەی ٢٧٢٣

کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری تیکاب بە ناوی عەلی زەرغامی کە باوکی سێ منداڵە، لە کاتی کۆڵبەر و لە سنووری شاری سەقز، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران گیانی لەدەست داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ کاتژمێر ٢ی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٣ی ڕەشەمەی ٢٧٢٣ (٣ی مارسی ٢٠٢٤)، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری مێشاو سەر بە ناوچەی سەرشیوی سەقز تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کردووە و بەم هۆیەشەوە کۆڵبەرێک بە ناوی عەلی زەرغامی تەمەن ٥٢ ساڵ کوژراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کۆڵبەرە کراوەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران و پاش ئەوەی کە لاقی پێکراوە، دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە.

عەلی زەرغامی، خەڵکی گوندی ساریباغی سەر بە شاری تیکاب و دانیشتووی شاری سەقز بووە. هەروەها خێزاندار و باوکی سێ منداڵ بووە.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی فێبریوەری ٢٠٢٤دا لانی کەم ٤ کۆڵبەر و کاسبکار لە سنوورەکانی کوردستان گیانیان لەدەست داوە و ٦٣ کۆڵبەریش برینداربوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە