گوشار بۆ سەر هاووڵاتیانی شنۆ و دەستبەسەرکردنی چەندین کەس
هەنگاو: هێزەکانی ئەمنییەکانی حکومەتی ئێران لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین کەسی خەڵکی شنۆیان دەستبەسەر کردووە.
هەنگاو: هێزەکانی ئەمنییەکانی حکومەتی ئێران لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین کەسی خەڵکی شنۆیان دەستبەسەر کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دووشەممە (١٥ی گەلاوێژی ٢٧١٨/ ٦ی ئاگۆستی ٢٠١٨) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ هێرشیان کردە سەر ماڵی هاووڵاتیەکی کورد بە ناوی کامیل ئەحمەدی و دەستبەسەریان کردووە.
هاوکات ئەو هێزانە هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی دوو هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی ”عەبدولناسر خزر پوری ئەمیرئاباد“ و ”ئاکام محەمەدی“ بەڵام نەیانتوانیوە دەستبەسەریان بکەن.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو پەیوەندییەدا بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند کە ئەو هێزانە دوای ئەوەی نەیانتوانیوە ئەو دوو کەسە دەستبەسەر بکەن، ”محەمەد محەمەدی“ باوکی ئاکام و“ ئازاد خزی پوری ئەمیرئاباد“ برای عەبدولناسریان دەستبەسەر کردووە و داوایان کردووە کە ئەو دوو کەسە دەبێ خۆیان ڕادەست بکەن.
لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین کەسی دیکەی خەڵکی شنۆ بە ناوەکانی مەقدیر محەمەدزادە، کامڵ ئەحمەدی، ئەبووبەکر میناپاک،یوسێف ئەحمەدی و کوروش عەزیزی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.
ئەمساڵ دەیان هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ بە تۆمەتی چالاکی سیاسی دەستبەسەر کراون و زیاتر لە دە کەسیش بە هۆی گوشاری هێـە ئەمنییەکانەوە ناچار بوون کە زێدی خۆیان بەجێ بهێڵن.