دوو ژن لە سنە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا

هەنگاو: لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دوو ژن لە شاری سنە بە هۆی کێشەی خێزانییەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

٢٧ سەرماوەز ٢٧١٨، ٢١:٢٢

 

هەنگاو: لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دوو ژن لە شاری سنە بە هۆی کێشەی خێزانییەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە (٢٤ی سەرماوەزی ٢٧١٨ / ١٥ی دێسامبری ٢٠١٨)، کچێکی تەمەن ٣٦ ساڵی خەڵکی سنە بە ناوی ”ژاڵە محەمەدی“لە ژێر خانی ماڵی خۆیاندا لە گەڕەکی حاجی ئاوای ئەو شارە خۆی هەڵواسیوە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی محەمەدی لەوبارەوە بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاندووە کە ژاڵە دوای ئەوەی گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە، ٢٤ کاتژمێر دواتر لە نەخۆشخانەی تەوحیدی شاری سنە گیانی لە دەست داوە.

ئەو سەرچاوەیەکە لەدرێژەدا ڕایگەیاند کە ژاڵە بە هۆی کێشەی خێزانییەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی یەکشەممە (٢٥ی سەرماوەز ٢٧١٨/ ١٨ دسامبری ٢٠١٨)، ژنێکی لاو کە تا ئێستا ناسنامەی بۆ هەنگاو ڕوون نەبووەتەوە، لە  شاری سنە، هەوڵی خۆکوشتنی داوە و لا ئاکامدا گیانی لەدەست داوە.

ئەو ژنە تەمەن ٢٤ساڵانە لە نهۆمی شەشی یەکێک لە بیناکانی مەسکەنی مێهر، خۆی فرێ داوەتە خوارەوە دەسبەجێ گیانی لەدەست داوە.

بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناودندی ئاماری مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ تا ئێستا لانیکەم ٧ ژن لە شاری سنە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە