هێزە ئەمنییەکانی شاری شنۆ هەڵیان کوتایە سەر ماڵی سێ چالاکی سیاسی

هەنگاو: لە دریژەی گوشاری هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر هاووڵاتیانی شاری شنۆ، ئەو هێزانە هەڵیان کوتایە سەر گوندی ئاڵیاوێی ئەو شارە و چەند کەسیان دەستبەسەر کردووە.

٢٢ گەلاوێژ ٢٧١٧، ١٤:٤٩

 

هەنگاو: لە دریژەی گوشاری هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر هاووڵاتیانی شاری شنۆ، ئەو هێزانە هەڵیان کوتایە سەر گوندی ئاڵیاوێی ئەو شارە و چەند کەسیان دەستبەسەر کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی (٢٠ی گەلاوێژی ٢٧١٧ / ١١ی ئاگۆستی ٢٠١٧)،  هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێران هەڵیان کوتاوەتە سەر گوندی ئاڵیاوێی شاری شنۆ لە پارێزگای ئورمیە و هەوڵی دەستبەسەر کردنی سێ چالاکی سیاسییان بەناوەکانی ڕەنج مەعرووفی، بەشدار شاسواری و پێشەنگ عابدی داوە.

هەواڵنێری هەنگاو لە شاری شنۆ لەو بارەوە ڕایگەیاند کە هێزە ئەمنییەکان نەیانتوانیوە ئەو سێ کەسە دەستبەسەر بکەن، بەڵام چەند کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەو سی کەسەیان دەستبەسەر و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتیان گواستوەتەوە و داوایان لێکراوە کە بە مەرجی خۆڕادەستکردنەوەی کوڕەکانیان ئازادیان دەکەن.

سەرچاوەیەکی جێگای متمانە لەو بارەوە ڕایگەیاند کە، ئەو سێ کەسە بە تۆمەتی هاوکاری کردنی حیزبێکی کوردستانی دژبەری ئێران هێرش کراوەتە سەر ماڵەکانیان و دوای ئەوەی توانیویانە خۆیان دەرباز بکەن، ڕوویان لە دەرەوەی ئێران کردووە.

هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێران لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا و لە بەرەبەرەی ٢٥ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، گوشارەکانیان بۆ سەر هاووڵاتیانی شنۆ زیاد کردووە و لەو ماوەیەدا زیاتر لە ١٥ کەسی خەڵکی شنۆ و گوندەکانی دەورووبەری وەکوو سینگان، نەڵۆس و باڵاگیر و شاوانە لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە